رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بەهۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، گرووپی چەکداری کەتائیبی سەیدولشوهەدا و ئەمیندارە گشتییەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
وەزارەتەکە رۆژی هەینی رایگەیاند، "کارە تیرۆریستییەکانی کەتائیبی سەیدولشوهەدا ژیانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لە عێراق و سووریا خستووەتە مەترسییەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا شەش ئەندامی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق و ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە.
کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە رووداوی راگەیاند، ئەو سزایانە "جەنگی دەروونین" و "کاریگەرییان نابێت".
کەتائیبی سەیدولشوهەدا گرووپێکی چەکداری شيعە مەزهەبی عێراقییە و لە ساڵی 2013ـەوە بۆ پارێزگاریکردن لە مەزارگە پیرۆزەکان دامەزرێنراوە و هێزەکانی لە عێراق و سووریاش بڵاوبوونەتەوە.
لە پاڵ کەتائیبی سەیدولشوهەدا، هاشم فینیان رەحیم سەراجی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکەش خراوەتە لیستی "تیرۆر"ەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە کارکردن لەگەڵ گرووپە بە تیرۆریست پۆلێنکراوەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، پلانی بۆ هێرشی دژی هێزەکانی ئەمریکا داناوە و پشتیوانی لە هێرشەکان کردووە".
وەزارەتەکە هەروەها ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە رێگەی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودسەوە پارە، مەشق و راهێنان، چەکی پێشکەوتوو، لەوانەش درۆنی بە کەتائیبی سەیدولشوهەدا و کەتائیبی حیزبوڵڵا داوە بۆ ئەوەی هێرشی کوشندە بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، رۆژی هەینی 17-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوبەناو سزا بەسەر ئەو لایەنانەدا دەسەپێنێت کە لە بەرەی ئەو نین. بۆیە ئەمە شتێکی ئاساییە و جێگەی سەرسوڕمان نییە".
فەرتوسی گوتی، ئەم سزایانە "بێسوودن و کاریگەرییان لەسەر کەتائیبی سەیدولشوهەدا نابێت، چونکە سەیدولشوهەدا هیچ بەرژەوەندییەکی ئابووری لە ئەمریکا یان دەرەوەی عێراق، یان هیچ شوێنێکی دیکە نییە کە ترسی لێی هەبێت".
گوتەبێژەکە بە رووداوی گوت، "لیواکانی سەیدولشوهەدا بە هیچ شێوەیەک پێویستیان بە ئەمریکا نییە؛ بۆیە بەهۆی ئەم سزایانە زیانیان پێناگات".
گوتەبێژی کەتائیبی سەیدولشوهەدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا هەوڵی سزادانی هەر گرووپێکی بەرخودان دەدات کە بەرگری لە سەروەریی عێراق دەکات لە باکوورەوە تا باشوور، بۆیە ئەمە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە و لێی راهاتووین".
سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە گەنجینەی ئەمریکا ئاراستەی کردوون، فەرتووسی گوتی، "ئێمە وەڵامی ئەو جۆرە قسانە نادەینەوە و لە بنەڕەتدا هیچ قسەیەکمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە. ئەگەر شتێکی بۆ گوتن هەبێت، دەبێت بچێتە لای حکومەتی عێراقی خاوەن سەروەری و سکاڵا و بەڵگەکانی پێشکێش بکات؛ بۆیە ئەم تۆمەتانە وەک تۆمەت دەمێننەوە ئەگەر نەسەلمێنرێن".
فەرتووسی رایگەیاند، "ئەمریکا و گەمارۆکانی ناتوانن هەڵوێستەکانمان بگۆڕن یان شێوازی ژیانمان بگۆڕن، بەتایبەتی کە ئێمە لەنێو ئەو کەسانەدا نین کە گەشت بۆ دەرەوەی عێراق دەکەن یان بەرژەوەندی ئابوورییان هەیە. بۆیە، ئەم سزایانە هیچ شتێک لەبارەی ئێمەوە ناگۆڕن و لە چوارچێوەی ئەو شەڕە دەروونییەی کە دژی گرووپەکانی بەرخودان بەڕێوەدەچێت دەمێننەوە".
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە لانیکەم 58 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا، لە کاتێکدا کە گرژیی ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە پەرەی سەندووە.
لەو هێرشانەدا لانیکەم 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، کە پێنتاگۆن دەڵێت، هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ