رووداو دیجیتاڵ
بەفر رێگەی 70 گوند و ئاوایی لە پارێزگاکانی وان و بەدلیسی باکووری کوردستان داخستووە.
بەپێی راگەیێندراوی گەورەشارەوانیی وان کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17 ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دروستکردن، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی ئەو گوند و ئاواییانەی کە رۆژی سێشەممە 16 ـی کانوونی یەکەم بەهۆی بەفربارینەوە داخران.
گەورەشارەوانی وان دەڵێ، رێگەی 55 گوند و ئاوایی کرایەوە و تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی ئەو 35 رێگەیەی هێشتا داخراون.
هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای بەدلیس بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 35 گوند و ئاوایی داخران.
ئومید کورتکان، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگاکە رایگەیاند، شەوی رابردوو لە سەرانسەری پارێزگاکە بەفر باری.
کورتکان دەڵێ، لە سنووری پارێزگاکەی رێگەی 35 گوند و ئاوایی بەڕووی هاتووچۆدا داخراون و تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کردنەوەی رێگە داخراوەکان.
هەر ئەمڕۆ بەهۆی بەفربارینەوە بە بڕیاری پارێزگای بەدلیس، خوێندنگەکانی ژمارەیەک گوند کرانە پشووە.
کەشناسی تورکیا ئەمڕۆ بۆ پارێزگاکانی قەرس، وان، خارپێت و ئەرزەڕۆم ـی باکووری کوردستانیش هۆشداریی بەفربارینی زۆری داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ