رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، لە هەموو ئێراندا تەنیا 24 چێرگ ماون و ئەوانیش مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بۆ ژیاندنەوەی هەیە.
چێرگ گەورەترین باڵندەیە، کە توانای فڕینی هەیە و لە ناوچەی بۆکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەژی.
حەسەن ئەکبەری، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، رۆژی 17-01-2024 رایگەیاند، "ژمارەی چێرگ زۆر کەمە و لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە رۆژئاوای وڵاتدا ژیاون، بەڵام ئێستا شوێنی ژیانیان زۆر بچووک بووەتەوە."
سەعید شەهەند، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ، رۆژی 28-10-2023 رایگەیاندبوو، "بەپێی دوایین سەرژمێریی ژمارەی چێرگەکانی ئەم پارێزگایە بەراورد بە ساڵی رابردوو 30٪ زیادیان کردووە و ئێستا ژمارەیان لەنێوان 24 تاوەکو 30 چێرگ دایە، کە لە ژینگەی بۆکاندا دەژین."
بە گوتەی حەسەن ئەکبەری، ئێستا چێرگ تەنیا لە ناوچەی "دەشتەسوتاو و حەمامیان" سەر بە شاری بۆکاندا دەژین، بەڵام خەڵک لەو ناوچەیەدا گەنم دەچێنن، بۆیەش چێرگ لەنێو گەنمی خەڵکدا دەژین. لەو ناوچەیەدا هەندێ شوێنی پارێزراویشیان بۆ دابین کراوە.
ئەم باڵندەیە لە پێشتر لە باکووری ئێران و لانیکەم لە شەش پارێزگادا ژیاون، بەڵام ئێستا تەنیا لە ناوچەیەکی بچووکدا ماون.
چێرگ گەورەترین باڵندەیەکە کە دەتوانێت بفڕێت، سەردەمێک ژمارەیان زۆر بووە، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی کەمیان لە دەشتەسوتاو لە نزیک شاری بۆکاندا ماون، ئەم باڵندەیە کۆچەرییە و دەچێتە لەوەڕگەکانی سەر بە شاری سەقزیش.
چێرگ کۆمەڵێک مەترسی لەسەرە، لەوانە زبڵی بۆکان، سەگی بەرەڵڵا، کشتوکاڵ و مەڕوماڵات. بەڵام حەسەن ئەکبەری، جێگری رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، رایگەیاند، دروستکردنی خانووبەرە و ڤێلاش لە ناوچەی ژیانی چێرگدا، مەترسی لەسەر ئەو باڵندەیە دروست کردووە.
کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی خەڵکی بۆکان رێکخراوێکی تایبەتیان بۆ پاراستنی چێرگ پێکهێناوە و بۆ پاراستنی ئەم باڵندەیە تاوەکو ئێستا هەوڵی زۆریان داوە، لەوانە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیەی چێرگی لێ دەژیت یان زەوییان لە جووتیاران وەرگرتووە بۆ ئەوەی چێرگ تێیدا بژیت.
چێرگ دوو یان سێ هێلکە دەکات، دوای ئەوەی هێلکەکانی هەڵدێنێت، جوجکەکانیان لەنێو گەنمەکاندا خۆیان دەشارنەوە، لەبەر ئەمە بۆ ئەوەی ژیانی چێرگەکان بەردەوام بێت، ئەندامانی "رێکخراوی چێرگڤانی" بۆکان جووتیارەکان رازی دەکەن بەشێک لە زەوییە بە گەنم چێندراوەکانیان بۆ چێرگەکان جێبهێڵن.
رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێرانیش 32 هێکتار زەویی لە ناوچەی دەشتەسوتاوی بۆکان کڕیوە و بۆ چێرگەکانی تەرخان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ