رووداو دیجیتاڵ
چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی چوار ئەندامی خێزانێکی کوردی خەڵکی ناوچەی جندرێسی عەفرین، لەلایەن دادگەیەکی سەر بە حکومەتی کاتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە سزادران، بەپێی زانیارییەکان سێ کەس لەو تۆمەتبارانە سزای لەسێدارەدان و کەسێکیش سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.
یاسەمین مستەفا، دایکی محەممەد فەرحەدین عوسمان، کە یەکێک بوو لە قوربانییانی رووداوەکەی جندرێسی عەفرین، بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دادگەیەکی سەر بە حکومەتی کاتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سزای لە سێدارەدانی بۆ سێ لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە دەرکردووە، تۆمەتبارێکی دیکەش بە سێ ساڵ بەندکردن سزادراوە.
بە گوتەی یاسەمین مستەفا، کە فەرحەدین عوسمانی هاوژینی یەکێک بوو لە قوربانییانی رووداوەکەی جندرێس، عەلی خەلەف ئەبووحەبیب ئەلخەشام، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە کە شاهیدحاڵیشی لەسەر هەن، تەنیا بە سێ ساڵ بەندکردن سزادراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دادگە لە رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، سزای بەسەر تۆمەتبارانی دۆسیەی کوژرانی چوار ئەندامی خێزانە کوردەکەی جندرێسی عەفریندا سەپاندووە.
شەوی نەورۆزی ساڵی 2023، ژمارەیەک چەکداری سەر بە گرووپی ئەحرار ئەلشەرقییە لە ناوچەی جندرێسی عەفرین هێرشیان کردبووە سەر خێزانێکی کورد بەناوی خێزانی پێشمەرگ، بەهۆی ئەوەی ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و تەقەیان لە ماڵی ئەو خێزانە کردبوو، بە هۆیەوە چوار کەس لە ئەندامانی ئەو خێزانە کوردە بە ناوەکانی فەرحەدین عوسمان تەمەن 43 ساڵ، نەزمی محەممەد عوسمان 38 ساڵ، محەممەد عوسمان 42 ساڵ و محەممەد فەرحەدین عوسمانی 18 ساڵ کوژرابوون و منداڵێکی ئەو خێزانەش بریندار ببوو.
دوای رووداوەکە، چوار کەس بە ناوەکانی عومەر ساڵح ئەسمەر، حەبیب عەلی خەلەف، بیلال ئەحمەد عەبوود و ئەبوو حەبیب ئەلخەشام بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکرابوون.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2024، دادگەی سەر بە حکومەتی کاتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، سزای لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە عومەر ساڵح ئەسمەر، حەبیب عەلی خەلەف و بیلال ئەحمەد عەبوود دا دەرکرد و عەلی خەلەف ناسراو بە ئەبووحەبیب ئەلخەشامیشی بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا دا.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ