رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، دەنگۆی تاپۆنەکردنی خانووی زێدەڕۆ دوورە لە راستی و هەر کەسێکیش داواکاریی پێشکێش کردبێت، خانووە زێدەڕۆکەی بۆ تاپۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 18ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوک سەبارەت بە دەنگۆی دەرهێنانی ناوی پارێزگای کەرکووک لە لیستی پارێزگاکانی عێراق بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ، بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە."
بە گوتەی ئەحمەد عومەر، بەشێکی خانووە زێدەڕۆکان لە پێش 2017 دروستکراون و بەشێکی دیکەشیان دوای 2017 دروستکراون؛ لە نیسانی 2023یشەوە خانووی زێدەڕۆ دروستنەکراوە.
لەبارەی شێوازی تاپۆکردنی ئەو خانووە زێدەڕۆیانە، ئەو بەڕێوبەرە ئاماژەی بەوە کرد، "هەر کەسێک تاوەکو 18ی نیسانی 2023 داواکاریی پێشکێش کردبێت بۆئەوەی خانووە زێدەڕۆکەی بۆ تاپۆ بکرێت، ئەوا کارەکانی بۆ جێبەجێ دەکرێن، بەڵام دوای ئەو کاتە خانووی زێدەڕۆ تاپۆ ناکرێت."
لەبارەی ژمارەی خانووی زێدەڕۆ لە شاری کەرکووک، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک بو رووداوی گوت، "ژمارەی خانووی زێدەڕۆ لە پارێزگای کەرکووک نزیکەی 93 هەزار خانووە و بەسەر نۆ گەڕەک دا دابەش بوون."
گەڕەکەکان، بە گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک ئەمانەن:
1- دەروازە
2- بارووت خانە
3- شۆراو
4- فەیلەق
5- سێکانیان
6- گورگە چاڵ
7- صیادە
8- بەدر
9- حەمزەلی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ