رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، تەنیا سێ پاڵاوگە لە پارێزگاکە هەن و هیچیان نایاسیی نین.
رۆژی شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە ئەگەری بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''هیچ جۆرە پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سلێمانی نییە. لێرە تەنیا سێ پاڵاوگە هەن کە فەرمین و لەلایەن حکومەتەوە رێگەی کارکردنیان پێدراوە. ئەوانی دیکە پاڵاوگە نین، بەڵکو تەنیا رێژەی ئۆکتان دیاری دەکەن.''
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی ''هەموو پاڵاوگەکان فیلتەریان داناوە. موەلیدە ئەهلییەکان بێدەنگ کراون و ناچارکراون لە چواردەوری شوێنەکەیان سەوزایی و دار بڕووێنن.''
رۆژی 12ـی ئەم مانگە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پیسبوونی هەوای شارەکان کۆبووەوە و چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد کە ئەمانە بوون:
یەکەم: لەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنیی پیسی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێریی بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ