لە مێردین کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون دەدۆزرێتەوە کە لە سەدەی شەشەم بەکارهاتووە

21-02-2022
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی مێژوویی دارا کە دەکەوێتە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، کارگەیەکی رۆنی زەیتوون دۆزرایەوە کە لە سەدەی شەشەمی زاینیدا بەکارهاتووە. 
 
پسپۆڕان دەڵێن بوونی شوێنەواری زۆری مێژوویی لە گوندی دارا ئاساییە، بەڵام لە ئەنجامی کنە و پشکنینەکانی 4 ساڵی رابردووەوە دەرکەوتووە گوندی دارا ناوەندی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون بووە و کارگەی زەیتوونی لێ بووە.
 
حوسەین مەتین، مامۆستایە لە بەشی شوێنەواریی زانکۆی قەوقاز و دەڵێت، "لەنێو شارەکەدا زانیاریی زۆرمان لەبارەی بوونی سیستمی بەرگریی هەیە، بەڵام لە ناوەوە و دەرەوەی شارەکە زانیاریی وەهامان لەبارەی بوونی پێکهاتەی شارستانیی نەبوو. بەتایبەتی دوای پرۆژەکانی کنە و پشکنین لە ناوچەکەدا کە ساڵی 2019 دەستیانپێکرا، گەیشتین بە زانیاریی زۆر لەبارەی پێکهاتە شارستانییەکان کە یەکێک لەمانە کارگەی رۆنی زەیتوونە."
 
حوسەین مەتین گوتیشی، "کارگەی زەیتوون لەو چاخانەدا بەهایەکی گرنگی هەبووە. بەڵگەکان زۆر بەڕوونی نیشانی دەدەن کە ئەم ناوچەیە لە کۆندا ناوەندی بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون بووە. ئەمڕۆش دەبینین لە گوندی دارا زەیتوونی زۆرە."
 
ئەو بەردە تیرەکەی نزیکەی دوو مەترە و بۆ پڵیشانەوەی زەیتوون بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی رۆنی زەیتوون بەدەستبێت. بەردەکە هاوشێوەی دەستاڕ کاریکردووە و بەهێزی مرۆڤ خولێنراوەتەوە.  
 
تەمەنی مەندەن، گەشتیارێکی عێراقییە و باس لەوە دەکات، "من لە بەغداوە هاتووم، بەمەبەستی بینینی دارا و مێردین هاتووم. گوندی دارام زۆر خۆشدەوێت، شوێنەوارێکی جوانە. من لە مۆزەخانەیەکەوە بە دارا ئاشنا بووم، هاتم بۆ ئەوەی ئەم بەرد و شوێنەوار و قەڵایە ببینم، لەگەڵ شوێنەوارەکانی دیکە."  
 
بەگشتی مێژووی گوندی دارا بۆ 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. بە قەڵا و چەندین شوێنەواری دیکەی وەکو کەنیسە، بازاڕ، گرتووخانە و تۆپخانە بووەتە ناوچەیەکی گرنگی مێژوویی لە میزۆپۆتامیا. گوندی دارا بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتیش لە سەردەمی رۆمەکان و ساسانییەکاندا شوێنێکی تابڵێی پارێزراو بووە. ئیمپڕاتۆریەتەکان بۆ خۆپاراستن لە دوژمن بەکاریانهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.