گوتەبێژەکەی: یەکێتی پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

18-03-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتی دەڵێت، پابەندن بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا و ئەوەش "باشترین رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە."
 
شەوی دووشەممە، 18ـی ئادار، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، حیزبەکە "پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی 6ی 2024 وەکو لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە." 
 
سەعدی پیرە دەشڵێت، یەکێتی رای وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "باشترین رێگەیە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری دیموکراسی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە بە گشتی." 
 
گوتەبێژەکەی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، چالاککردنەوەی پەرلەمان "گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە فرە رەهەندەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
راگەیێندراوەکە لە شەش خاڵ پێکهاتووە و و مەکتەبی سیاسیی پارتی تێیاندا روونیکردووەتەوە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە، کە لەبەشێکیدا دەڵێ: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، کە ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەى ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و هەموارنەکردنى یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنى دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە