رووداو - هەولێر
قەڵای زێرزەوان کە دەکەوێتە سنووری ئامەدی باکووری کوردستان دەخرێتە لیستی کاتیی شوێنەواری یونسکۆ، هەوڵی ئەوەشی بۆ دەدرێت بخرێتە لیستی هەمیشەیی ئەو رێکخراوە.
ساڵی 2014 پرۆژەیەکی هەڵکەندن و بەدواداچوون لە قەڵای زێرزەوان بۆ یەکەمجار دەستیپێکرد، ئایتاج جۆشکون، سەرپەرشتیاری هەڵکەندن دەڵێ "ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا توانیمان پێشڤەچوونێکی گەورە تۆماربکەین، فۆڕممان پڕکردەوە بۆ یونسکۆ و دۆسیەی پرۆژەکەمان رادەستی وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی کرد، ئەوەبوو راگەیێندرا کە قەڵای زێرزەوان خرایە لیستی کاتیی شوێنەوارەکانی یونسکۆ".
ئامەدی باکووری کوردستان پێشتر دوو شوێنەواری دیکەی لەو لیستەدا تۆمارکراون کە ئەوانیش سووری ئامەد و باخچەکانی حەوسەڵ بوون.
ئایتاج جۆشکون دڵنیایی دەدات لەوەی کارەکانیان بە رێکوپێکی ئەنجامداوە و دوو ساڵی دیکە قەڵای زێرزەوان دەخرێتە لیستی هەمیشەیی یونسکۆ و دەڵێ "بەمەش ئامەد لەسەر ئاستی تورکیا دەبێتە تاکە پارێزگا کە دوو شوێنەواری لە لیستی هەمیشەیی شوێنەواری یونسکۆدا بێت".
مێژووی قەڵای زێرزەوان بۆ ساڵانی 400-700ی زایینی دەگەڕێتەوە. ساڵی رابردوو 430 هەزار گەشتیار سەردانیان کردووە و ئەمساڵ ملیۆنێک گەشتیار وەکو ئامانجی 2020 دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەم پێشوازی و هەمیش پرۆژەی هەڵکەندن و پشکنین وەستێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ