رووداو - هەولێر
رۆنی زەیتوون بەهۆی ئەو سوودە زۆرانەیەوە کە هەیەتی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خواستی لەسەر زیادبووە و ئێستا یەکێک لەو رۆنانەی کە هاوردە دەکرێت، رۆنی زەیتوونی عەفرینە
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار ملیۆن داری زەیتوون هەن کە یەک ملیۆنی دار زەیتوونی عەفرینە و شەش کارگە کاری بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون دەکەن، بەڵام جیا لەمانە مانگانە 50 تۆن زەیتی زەیتوون لە عەفرینەوە و لە رێگەی چەن کۆمپانیایەکەوە دەگاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
موحەممەد بازرگانێکی خەڵکی عەفرینە و سێ مانگە لە هەولێر نوێنەرایەتیی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونی عەفرین دەکات و دەڵێت، "بار و گواستنەوە لەنێوان عەفرین و حەلەب رانەوەستاوە. ئێمە لە رێگەی بارهەڵگرەوە دەیهێنینە حەلەب و لە حەلەب لای ئێمە کۆمپانیا هەیە و پاک و
خاوێنی دەکەین و جا رەوانەی هەولێر، کانادا و سعودییەی دەکەین".
هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرین و لە ساڵی 2014وە لە هەولێر کاری بەرهەمهێنانی زەیتوون و رۆنی زەیتوون دەکات. 480 دۆنم زەویی بە دار زەیتوون چاندووە و ساڵانە دوو هەزار تۆن زەیتوون و 400 تۆن رۆنی زەیتوون دەخاتە بازاڕەوە. بەشی زۆری دارزەیتوونەکانی لە عفرینەوە هێناون، بەڵام ئێستا خۆیان زەیتوون دەچێنن.
سڵێمان کە خەریکی بەرهەمهێنانی زەیتوونە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "داری ئەورووپی لێرە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام داری عەفرین لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر گونجاوە و رۆنەکەشی زۆر باشە. ئەوەیش بەهۆی کەشوهەواکەیەوە کە وەک ئەوەی عەفرینە".
نرخی هەر لیترێک رۆنی زەیتوونی عەفرین لە نێوان پێنج تاوەکو 10 هەزار دینارە و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆری لەسەرە.
رۆنی زەیتوون بە یەکێک لە باشترین جۆری رۆنی رووەکی هەژمار دەکرێت. بەهێزبوونی دڵ، رێگریکرردن لە نەخۆشیی شەکرە، زیادکردنی بەرگریی لەش بۆ رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە و نەبوونی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە سوودەکانی زەیتی زەیتوونن.
نەجیبە خان، هاونیشتمانییەکی هەولێرە و دەڵێت، "زیاتر رۆنی زەیتوون بەکاردەهێنن. لەبەر ئەوەی لە رۆنەکای دیکە باشترە. چونکە سوودی هەیە و تەنانەت بۆ چێشتلێنانیش بەکاری دەهێنم".
له سنووری پارێزگاكانی ههولێر، سلێمانی و دهۆك زیاتر له 500 باخی زهیتوون ههن و 400 باخیان لهژێر چاودێریی وهزارهتی كشتوكاڵدا دروستكراون. هەرێمی كوردستان لە رووی خاك و ئاو و هەواوە بۆ چاندنی زەیتون گونجاوە كە بە بەرهەمێكی خۆراكیی گرنگ دادەنرێت و بە هۆی سوودە زۆرەكانیەوە لە هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ خواستی لەسەر زیاد دەبێت، بەتایبەت رۆنەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ