لە وان سمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی بۆ مەلای باتەیی و میراتە ئەدەبییەکەی سازکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەبدولسەلام ئاکنجی
سمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی بۆ مەلای باتەیی لە وان
سمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی بۆ مەلای باتەیی لە وان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی وان بووە ناوەندی کۆبوونەوەی پسپۆڕانی ئەدەبیاتی کوردی. لێرە لەژێر چەتری کوردیۆلۆژیدا، باس لە کەسایەتییەک کرا کە مۆرکی خۆی لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی داوە. مەلای باتەیی، ئەو شاعیرەی کە مەولوودنامەکەی بۆ چەندین سەدە لە نێو ماڵ و مزگەوتەکانی کوردستان دا دەخوێندرێتەوە، میراتەکەی جارێکی دیکە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا لێکۆڵینەوەی لێکرایەوە.

د. یەعقوب ئایکەچ - ئامادەکاری سمپۆزیۆمەکە بە رووداوی گوت: "ئێمە لێرە ئەرکێکی گرنگمان هەیە، ئەویش پەرەپێدانی توێژینەوە ئەکادیمییە کوردییەکانە. دەمانەوێت شاعیر، ئەدیب و ئەو کەسایەتییانەی خزمەتی گەورەی زمان و ئەدەبیاتی کوردییان کردووە، بە شێوەیەکی زانستی بناسێنین."

لە سمپۆزیۆمەکەدا، 45 ئەکادیمیست و نووسەر لە 20 زانکۆی جیاواز و 6 وڵاتەوە بەشداربوون. توێژینەوەکان تەنیا لەسەر شیعرەکانی باتەیی نەبوون، بەڵکو باس لە کاریگەریی مەولوودنامەکەی لەسەر شێوەزاری کۆمەڵگە و پاراستنی کولتووری کوردی کرا.

پڕۆفیسۆر میشێل لێزنبێرگ - مامۆستای زانکۆی ئەمستردام: "مەلای باتەیی بەشێکی هەرە گرنگی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردییە. ئەو وەک یەکەمین کەس مەولوودنامەی بە زمانی کوردی نووسی، هەرچەندە دوای ئەو کەسانی دیکەش هەوڵیان دا، بەڵام ئەو وەک پێشەنگ و یەکەمین نووسەری ئەو بوارە لە مێژوودا دەمێنێتەوە."

بەشداربووان پێیان وایە، باتەیی توانیویەتی زمان و فۆلکلۆری کوردی لە فەوتان بپارێزێت و بیخاتە ناو قالبی نووسینێکی ئەدەبیی بەرزەوە، کە تاوەکو ئێستاش زیندوویی خۆی پاراستووە.

دیلەر کەمال ئەحمەد - مامۆستای زانکۆی زاخۆ: "مەلای باتەیی بە رێگەیەکی راستەوخۆ کولتووری کوردی لە ناو ئەدەبیاتی نووسراودا زیندوو کردەوە. ئەو توانی فۆلکلۆری کوردی بهێنێتە ناو بەرهەمە ئەدەبییە کلاسیکییەکان و پێگەی بۆ دروست بکات."

بڕیارە هەموو ئەو وتار و لێکۆڵینەوانەی لەم سمپۆزیۆمەدا پێشکەشکران، لە توێی کتێبێکدا چاپ بکرێن و وەک سەرچاوەیەکی زانستی بخرێنە بەردەستی ناوەندەکانی کوردیۆلۆژی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە