دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک دواخست

18-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تایبەت بە مادەی 13ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی عێراق، کە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک، بۆ 8ی مانگی داهاتوو دواخست. بەپێی داواکارییەکە لە سکاڵاکەدا، سکاڵاکاران داوایان کردووە ئەو مادەیە بە نادەستووری دابنرێت.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە 18-07-2023 دادگەکە بۆ ژمارەیەک سکاڵا کۆبووەوە، یەکێکیان سکاڵای دوو کادیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکووک، کە بەپێی مادەی 13ی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 رێکخراوە، یاساکە بریتییە لە "هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ژمارە 12ی ساڵی 2018، بەڵام دادگەکە تاوتوێکردنی سکاڵاکەی بۆ رۆژی سێشەممە، 08-08-2023 دواخست.
 
سکاڵاکاران ئاسۆ سدیق بیبای و عەلی محەممەد ئەمینن، کە ئامادە نەبوون تاوەکو بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکەوە هیچ قسەیەک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکەن.
 
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 18-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "بەپێی مادەی 13، جگە لەوەی دەنگێکی زۆری کورد لە ناوچەکانی چەمچەماڵ و دووز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەڕوات و کەم دەبێتەوە، مادەکە رەوایەتی بە تەعریب دەدات، بۆیە پێمانوایە ئەو مادەیە لە بەرژەوەندیی کەرکووک و دەنگی کورد لەو پارێزگایە نییە و لە داهاتووشدا زیانی زۆری دەبێت."
 
رۆژی 27-03-2023 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسند کرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە 1.7 دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
 
لە رۆژی پەسندکردنی یاساکەدا، لە راگەیێندراوێکدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی (دووشەممە، 27-03-2023) دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2003وە، سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی هاووڵاتییانی شارەکە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شارۆچکەی سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێندراوە بە کەرکووکەوە، دیسانەوە خراوەتەوە سەر پارێزگاکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و لە هەموارەکەدا ناویان لەسەر کەرکووک تۆمار کراوە.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی دەزگای هەڵبژاردنیەوە سەرجەم ئەو قسانەی رەتکردەوە و وای راگەیاند کە مادەکە بڕگەی خراپی بۆ کورد تێدایە.
 
مادەی 13ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان لە 4 بڕگە پێکدێت، بەپێی مادەکە، مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردن و هەموارەکانی ژمارە 14ی ساڵی 2019 هەڵدەوەشێندرێتەوە، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارتەکانی ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی و پلاندانان و نوێنەرانی پێکهاتەکان وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە دەکەن لەسەر بنچینەی:
 
- هاووڵاتییانی تۆمارکراو لە سەرژمێریی ساڵی 1957، جگە لە هاووڵاتییانی ناحیەی زاب و سەرگەڕان، کە لەنێو تۆمارەکە دەبن.
 
- ئاوارەکان، ئەوانەی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە.
 
- هاووڵاتییانی دانیشتووی کەرکووک کە بەپێی کۆبۆنی خۆراک دەسەلمێندرێت لەپێش ساڵی 2003وە لە کەرکووک نیشتەجێ بوون.
 
بەپێی مادەکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆزی یاسایی یان کارگێڕی بۆ دیاریکردنی داهاتووی پارێزگاکە نابێت، دەسەڵاتەکانیش بە "دادپەروەرانە" دابەش دەکرێت، بەشێوەیەک کە سەرجەم پێکهاتەکان بەشدار دەبن تێیدا بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.