رووداو دیجیتاڵ
هێلیکۆپتەرێک لە چیای شۆپە لە گوندی شێخ وەسانانی سەر بە ناحیەی بالیسان لە سنووری قەزای شەقڵاوە بینرا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکە نەنیشتووەتەوە، نزیکەی خولەکێک وەستاوە و دواتر رۆیشتووە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-07-2023، بەشێک لە خەڵکی گوندی شێخ وەسانان هێلیکۆپتەرێکیان لەسەر چیای شۆپە بینی، لە گرتەیێکیشدا کە بۆ رووداو نێردراوە، هێلیکۆپتەرێک دەبیندرێت و کەسێک دەڵێت، "لە بەیانییەوە لەسەر چیاکان دێت و دەچێت و نازانین هۆکار چییە".
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرێک لە کەلێتەی پشت گۆندی شێخ وەسانان بینراوە، بەڵام نەنیشتووەتەوە و تەنیا یەک خولەک لەسەر چیاکە وەستاوە و دواتر بەرەوە دەشتی هەریر رۆیشتووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان گوتیشی، "لەو شوێنەی لێی وەستابوو، هێلیکۆپتەر ناتوانێت بنیشێتەوە، ئێمە نازانین کە هێلیکۆپتەرەکە لە کوێوە هاتووە و سەر بە کوێیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ