رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان کۆتاییهات.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18 ـی تەمموزی 2025 نوعمان کورتوڵموش، بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.
هەریەک لە گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-دەم پارتی، موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە، موراد کاڤونجو بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی، محەممەد ئەمین ئەکمەن، پەرلەمانتاری پارتی یەنی یۆڵ و ئەرکان ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوی نەتەوەیی-مەهەپە و بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دادو و گەشەپێدان-ئاکپارتی ـیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
کۆبوونەوەکە دوو کاژێر و نیوی خایاند و تێیدا لەبارەی چەندین پرسی وەک، ئایا کۆمیسیۆنەکە بە یاسا یان بە دەستپێشخەریی کورتوڵموش دادەمەزرێت، ژمارەی ئەندامەکانی چەند دەبێت و بنەما و شێوازی کارکردنی چۆن دەبێت، گفتوگۆ کرا.
کورتوڵموش و بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتە سیاسییەکان لە کۆتایی مانگی رابردوو لە بارەی ئەو پرسە کۆببوونەوە. دواتر فراکسیۆنەکان پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بە میکانیزم و بنەماکانی کۆمسیۆنەکە بە شێوەیەکی نووسراو پێشکێش بە کورتوڵموش کردبوو.
لەو کۆبوونەوەیەی کۆتاییدا، ھەموو لایەنەکان ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەر پارتێک لەگەڵ کورتوڵموش لە پەیوەندیدا بێت تاوەکو کۆمسیۆنەکە دادەمەزرێت و گفتوگۆکان سەبارەت بە میکانیزم و بنەماکانی کۆمسیۆنەکە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ