رووداو دیجیتاڵ
هەنگ بە یەکێک لە چالاکترین و کارکەرترن مێرووی سەر زەوی هەژماردەکرێت، گۆڕانی کەشوهەوا کە مرۆڤ هۆکاری سەرەکیی دروستبوونیەتی، هەڕەشەی کەمبوونەوەی لێ دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، مامەڵەی مرۆڤ وایکردووە، لەنێوچوونی هەنگ لەم چەند ساڵەی رابردوودا لانیکەم 100 هێندەی کاتی ئاسایی زیاتر بێت.
ئەحمەد حەمەئەمین، پسپۆڕی گوڵە و دەڵێت، بەپێی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ لەسەر چواری ئەو خۆراکەی مرۆڤ دەیخوات، هەنگ رۆڵی سەرەکی لە بەرهەمهێنانیدا هەیە.
هەنگەکان لەگەڵ زەردەواڵە و پەپوولەکان، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی ساڵانە بە بەهای 170 ملیار دۆلار دانەوێڵە بەرهەم بێت.
کەمبوونی مەترسیداری هەنگەکان هەڕەشە لە بەرهەمی خۆراکی جیهان و هاوسەنگیی تەواوی سیستمی ژینگەیی دەکات، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت کە لە کاریگەرترین ناوچەکانن بە گۆڕانی کەشوهەوا.
لە هەرێمی کوردستان 700 هەزار پوورەی هەنگ هەن، هەر پوورەیەکی هەنگ بە ستاندارد 10 شانەی تێدایە؛ بەرهەمی هەر شانەیەک لەنێوان دوو بۆ چوار کیلۆ هەنگوینە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەنگوینی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هەنگوینە هەرە باشەکانی جیهان، لە فەرەنسا پلەی یەکەممان بەدەستهێناوە و لە کۆنگرەی وڵاتانی عەرەبیش تایبەت بە هەنگوین، زۆربەی ساڵەکان پلەی یەکەممان بەدەستهێناوە."
هەنگ بۆ ئەوەی هەنگوینێکی باش دروستبکات، لەهەر گەڕانێکیدا نزیکەی 50 بۆ 100 گوڵ دەگەڕێت، بەڵام بەهۆی کارەکانی مرۆڤەوە 40٪ـی هەنگ لە جیهان لەنێوچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ