بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی: دەبێت عێراق بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی رابپەڕێنێت

18-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری رایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتەوە سێ ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، داواش لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی سەرشانی جیددیتر رابپەڕێنێت.
 
شەوی دووشەممە، 18-9-2023، جەلال شێخ ناجی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، لەبارەی رووداوی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "بەتووندترین شێوە ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی دەکەین کە بەهۆیەوە سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستانمان شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی دیکەشمان برینداربوون ."
 
سەرباری دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کەسوکاری کوژراوان و خواستنی هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران، جەلال شێخ ناجی دەڵێت: "کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە سەقامگیری و ئاسایش لەپێشینەی کارەکانمانە و بە ھەموو ھەوڵێکمانەوە رووبەڕووی تەحددییە ئەمنییەکان دەبینەوە و لەبەرامبەر ئەم تاوانەش کە بەزاندنی ئاشکرای خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، سوورترمان دەکات کە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمەکەمان بپارێزین و دەرفەت نەهێڵینەوە بۆ ناحەزانمان ئارامیمان تێکبدەن."
 
بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی سەرشانی جیددیتر رابپەڕێنێت و رێگری بکەن لەم پێشێلکاریانە کە سەقامگیری وڵات دەخاتە مەترسییەوە.
 
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن کراوە.
 
 دژە تیرۆری گشتی هەرێمی کوردستان (CTG) لەبارەی بۆردوومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. 
 
دژە تیرۆر هەڕەشە لەو لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت: "ئەو تاوانە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆمیسیۆنی عێراق بەهۆى دوو بڕیارى جیاوازەوە لە دادگەى فیدراڵى و دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، تووشی دوودڵی بووە.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن کەوتووەتە نێوان بەرداشی دوو بڕیاری دادوەرییەوە

دوو بڕیارى دادوەرى "سەرلێشێواوى" بۆ کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق دروستکردووە، لەوەى رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستپێبکاتەوە یان بەردەوام بێت لە راگرتنى، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەى داهاتوو ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.