رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی عێراق راگەیاند، هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 9 دەنێردرێت و لیژنەیەک بۆ چارەسەری دوو مووچە دەچنە بەغدا.
رۆژی سێشەممە، 18-11-2025، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەمە لە کۆبونەوەیەکی نێوان سوودانی، فوئاد حوسێن، تەیف سامی و خۆی دا بڕیاری ناردنی مووچە درا.
بەنگین رێکانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی 120 ملیارەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت.
رۆژی سێشەممە، رێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "نەناردنی مووچەی مانگی 9 بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە نەناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتییەوە نییە."
رێباز حەملان گوتیشی، "دەبێت ئەمڕۆ و سبەی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بدات، "بەڵام لەوانەیە ئالیەتی ناردنەکەی بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
چارەنووسی دوو مووچەی ئەم ساڵ
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەبارەی چارەنووسی دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی لە هەولێرەوە دەچنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو موچەی ئەم ساڵ."
رێباز حەملان لەبارەی چارەنووسی مووچەکانی ئەم ساڵ گوتی، "جەنابی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی زۆر زۆر پێداگریی کرد کە دەبێت هەر چوار مووچەکەی ئەم ساڵ خەرج بکرێت."
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 8 مووچەیان وەرگرتووە. لەکاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق خەریکە مووچەی مانگی 11 وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ