رووداو - هەولێر
کچە کوردێكی تەمەن 10 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پێشبڕکێیەکی هزریی ژمارەکانی بیرکاریدا لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
زەهرا عەبدولڕەحمان، پووری ئاگرین ئیبراهیمی ـە کە بووەتە براوەی یەکەمی پێشبڕکێکە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئاگرین ئیبراهیمی 10 ساڵ لەسەر ئاستی جیهان بەشداری لە پێشبڕکێیەکی بیرکاری بەناوی (UCMAS) دا کرد، کە لە کەمبۆدیا و بە بەشداری چوار هەزار کەس بەڕێوەچوو. ئاگرین توانی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت".
شەرمین یوسف بەردخان، دایکی ئاگرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە تەمەنی پێنج ساڵیەوە کچەکەمان ناردە بەرخوێندن و ئێستا تەمەنی 10 ساڵانە، ئەو لەماوەی هەشت خولەکدا دەتوانێت 200 پرسیاری بیرکاری وەڵام بداتەوە".
زەهرا عەبدولڕەحمان ئەوەشی گوت "ئاگرین خەڵکی ورمێیە و قوتابی پۆلی چوارەمی سەرەتاییە. ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا لە مالیزیا بەشداری لە پێشبڕکێی(UCMAS)ـی بیرکاریدا کرد و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئەمساڵیش لەسەر ئاستی جیهان بەشداری لەهەمان پێشبڕکێدا کرد و براوەی یەکەم بوو".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ