رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرزدەکرێتەوە و وانەبێژانیش دەکرێنە گرێبەست.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی کۆبووەوە و رایگەیاند: "بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە کە؛ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی، پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە و وانەبێژەکانیش بکرێنە گرێبەستی رەسمی بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت، بەردەوامیش لەخەت دەبین بۆ جێبەجێ کردنی داوا رەواکانیان."
ئەوە لەکاتێکدایە، مامۆستایانی ناڕازی لە خۆپێشاندانەکانیاندا دوو داواکاریی سەرەکییان هەیە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوەکانیش داوای پلە بەرزکردنەوە دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵنامەی خوێندن، ساڵی خوێندن لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی ئەوانەی کە لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانیان بایکۆتیان راگەیاند، چەند داواکارییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام هەیە، لەوانە "پێدانی مانگانەی مووچە، دەستپێکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوە، دانەوەی پاشەکەوتی مووچە و دامەزراندنی وانەبێژان."
ئێستا کە پێنج مانگ بەسەر خوێندنی ساڵی 2023 – 2024 دەربازدەبێت، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە بایکۆت لە بەشێکی قوتابخانەکان بەردەوامە و خوێندن وەکو پێویست نییە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە بایکۆت لە بەشێکیان بەردەوامە.
ئەو مامۆستایانەی کە دەوام ناکەن، بە نەهاتوو هەژماردەکرێن؛ لەماوەی پێنج مانگی بايکۆتی مامۆستايانی ناڕازی لە سلێمانی 2573 مامۆستا، لە گەرميان هەزار، لە راپەڕين 200 و لە هەڵەبجەش 150 مامۆستا بە ناهاتوو هەژمار کراون و چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا سزاکان زياتر بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ