بەشێک لە خانەنشینانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی لە دۆخی ژیانیان دەردەبڕن

19-02-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەشێک لە خانەنشینانی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئێران لە کرماشان، خوڕماوا، ورمێ، سنە، مەریوان و چەندین شاری ئێران دژی خراپی دۆخی ژیانیان و جێبەجێنەکردنی یاساکانی تایبەت بە خانەنشینی گردبوونەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، بەشێک لە خانەنشینانی کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئێران لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو کۆمپانیایە لە شارەکانی کرماشان، خوڕماوا، سنە، مەریوان، تاران، ئەراک، ئەهواز، ئەردەبیل، رەشت و چەند شاری دیکە گردبوونەوە.
 
ئەو خانەنشینانە دەڵێن، 13 ساڵ بەسەر دەرکردنی بڕیارنامەی تایبەت بە دامەزراندن و خانەنشینی لە کۆمپانیای پەیوەندییەکان تێدەپەڕێت و هێشتا خاڵەکانی لەبارەی مووچە و هاوکاریکردنی مانگانەی خانەنشینان جێبەجێ نەکراون.
 
کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئێران گەورەترین کۆمپانیای پەیوەندییەکانە لە ئێران و وەکو کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەناسێندرێت، 'ناوەندی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئیمام' کە دامەزراوەیەکی ئابووریی سەر بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، خاوەن پشکی سەرەکیی کۆمپانیاکەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە