رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 9 مانگدا نزیکەی 400 کەس لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، بەهزاد غەزەنفەریپوور، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای سنە ئاماری 9 مانگی رابردووی (لە 21-03-2025 تاوەکو 21-12-2025) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 394 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر، رێژەی گیانلەدەستدان 6.77٪ زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکەی دادپزیشکیی سنە، لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکاندا 259 کەس، لە نێو شارەکاندا 54 کەس و لە رێگەی نێوان گوندەکاندا 45 کەس گیانیان لە دەستداوە.
هەر لەو ماوەیەدا، رووداوەکانی هاتووچۆ بوونەتە هۆی برینداربوونی 6 هەزار و 785 کەس لە پارێزگای سنە. لەو ژمارەیە 4 هەزار و 917 کەسیان پیاون و هەزار و 868 کەسیشیان ژنن.
ئەم ئامارە ناوخۆییەی سنە لە کاتێکدایە، ئامارە گشتییەکانی ئێرانیش روو لە هەڵکشانن. حەسەن مومێنی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی ئێران رایگەیاند، لەو 9 مانگەدا لە سەرانسەری وڵات 15 هەزار و 513 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانکۆی زانستی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران، رووداوی هاتووچۆ دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، بە سێیەمین هۆکاری سەرەکیی مردن لە ئێران دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ