وەزارەتی ناوخۆ: لە هەولێر 4,000 پاسپۆرت تەواو بوون و خاوەنەکانیان وەریانناگرنەوە

19-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چوار هەزار پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر تەواو بوون و خاوەنەکانیان ناچن وەریانبگرنەوە.
 
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، هەندێک لەو پاسپۆرتانە ساڵ و چەند ساڵێک بەسەر چاپکردنیان تێپەڕیوە، بەڵام خاوەنەکانیان نایەن وەریانبگرنەوە.
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "کاتێک گوشار لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانمان هەیە واستەی دونیا دەکەن، گوشاری دونیامان بۆ دێنن بەس نۆرەیەکی پاسپۆرت وەربگرن، ئێستاش ئەوەتا پاسپۆرتەکانیان دەرچووە و پارەیان خەرج کردووە ناچن وەریگرنەوە."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار نووسینگەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت هەن. ئەوانیش نووسینگەی یەکی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی دووی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران و نووسینگەی پاسپۆرتی کۆیە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تکا لە خاوەنی ئەو پاسپۆرتانە دەکات، بچن پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.
 
کاتەکانی دانەوەی پاسپۆرت لە رۆژانی دەوامی فەرمی لە کاژێر 8:00ـی بەیانی تاوەکو 06:00ـی ئێوارەیە، هەروەها داواکراوە بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت پێویستە ئەو کەسەی وەریدەگرێتەوە بەڵگەنامەی فەرمی پێبێت کە کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانییە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە