د. خەلیل ئیبراهیم: بە هەموو پێوەرێک دەبێت یەکڕیزی دروستبکەین

19-05-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور دەستوور
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە "کۆنفرانسی هەرێمی کوردستانی عێراق یەکڕیزی و دەستوور" دەڵێت، ئەوان وای دەبینن کە بابەتی یەکڕیزی ستراتیجیەتێکە، پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆیی و ئیسلامییە، "بە هەموو پێوەرێک ئەم یەکڕیزییە دەبێت دروستی بکەین".
 
د. خەلیل ئیبراهیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد "تۆ ناتوانیت دەستوورێک دابنێیت ئەگەر یەکڕیزی نەبێت، هەمیشە وا پێویست دەکات دەستوور لە کەشێکی لەبار و گونجاو و سەقامگیری سیاسی بنووسرێتەوە".
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەو سەقامگیری و کەشە گونجاوە دروست نابێت ئەگەر تەوافوقێکی سیاسی و یەکڕیزی نەبێت، دەشڵێت "ئەو یەکڕیزییەش دەبێت نیەتێکی دروست و پاک هەبێت، دووەم، دەبێت ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت بۆ نووسینەوەی دەستوور. سێیەم، دەبێت ئێمە متمانەی خەڵک بگەڕێنینەوە بەو جۆرە حکومڕانییەی ئێستا، کە ئێمە وایدەبینین ئەو حکومڕانییە زۆر کەموکورتی و سەقەتیی تێدایە، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لە زۆر بواردا شکستیهێناوە، تاوەکو ئێستا نەبووەتە حکومەتێکی دامەزراوەی نیشتمانی، خەڵک گلەیی زۆریان هەیە".
 
د. خەلیل ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو "بۆ ئێمە چەند پرسێک هەن دەبێت ئەو یەکڕیزییە لەسەر ئەو بنچینانە دروست ببن، لەوانە پرسێکی نیشتمانیمان هەیە کە چۆنێتیی دروستکردنی ئەو نیشتمانەیە، پرسێکی نەتەوەییمان هەیە، کە خەون و دیدگای ئەو میللەتە چۆن بەدیبهێنین، پرۆسەیەکی چاکسازیی ریشەییمان هەیە، چۆن بچینە ناو ئەو چاکسازییە بەشێوەیەکی گشتگیر. پرۆژەیەکی گەشەپێدان و گەشەسەندنی ئەو وڵاتەمان هەیە، چۆن دروستی بکەین. دواتر گواستنەوەی دیموکراسیەتی راستەقینە، وەکو فیکر و مومارەسە و رێکار ئەمە چۆن دروست ببێت؟ تاوەکو ئێمە دیدگایەکی ستراتیجی و بەرنامەی کار و سیاسەتێکی هاوبەش بۆ ئەو پرسانە دانەنێین، ناتوانین دەستوورێک دابنێین. دەبێت زەمینە خۆشبکرێت بۆ دەستوور، دواتر هەر ئەو دەستوورە ئەو یەکڕیزییە دەپارێزێت".
 
رۆژی چوارشەممە، سەنتەری زانکۆی کوردستان - هەولێر بۆ توێژینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کۆنفرانسێکی تایبەتی بە ناونیشانی ''یەکڕیزی و دەستوور'' رێکخست. لە کۆنفرانسەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان؛ جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکانی باشووری کوردستان و ژمارەیەک لە توێژەر و ئەکادیمی و 29 کۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە.
 
کۆنفرانسەکە لە کاژێر 09:00وە دەستیپێکردووە و دوایین بەشی کۆنفرانسەکەش بە گفتوگۆیەک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی یەکڕیزی و دەستوور لە کاژێر 15:45 دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.