رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ لە سنووری پارێزگای هەولێر 135 هەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە و، "354 هەزار دەنگدەریش بایۆمەترییان نەکردووە."
مەروان محەممەد نەجات، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند "ئەوانەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە، دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەنجەمۆریان وەربگیرێتەوە."
لە سنووری پارێزگای هەولێر، 53 بنکە بۆ تۆماری بایۆمەتری و وەرگرتنەوەی پەنجەمۆر هەن، بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی "هەر دەنگدەرێک لە کام بنکە نزیکە، دەتوانێت سەردانی بنکەکە بکات و پەنجەمۆری لێوەربگیرێتەوە."
یەکێک لە تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ بەشێک لە دەنگدەران کە نزیکەی 400 هەزار کەسن، پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەوەش وایکردووە بێبەش بن لە دەنگدان.
بەپێی ستانداردی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان، تاوەکو 5٪ رێگەپێدراوە کە بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵی دیاری کردبوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام کردنی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا بە ئەستەم دەزانرێت، بۆیە کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگرت و دەستی بە رێکارە هەمیشەییەکانی کردەوە، کە بریتییە لە تۆمارکردنی بایۆمەتری.
مەروان محەممەد گوتی "بەبڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، جارێکی دیکە دەستکراوە بە تۆمارکردنی بایۆمەتری. ئەوانەی تائێستا بایۆمەتریان نەکردووە، دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن، ئەوانەی کارتی کۆنیان هەیە و وێنەی لەسەر نییە، دەتوانن کارتی نوێ دەربهێنێت. هەروەها لەدایکبووانی 2006ـیش دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
مەروان محەممەد هەروەها دەڵێ "ئەوانەی خەڵکی پارێزگەکەکانی دیکەن و لە هەولێر نیشتەجێن، دەتوانن بایۆمەتریی بکەن، بەڵام ئەوانە دەنگدەری پارێزگەکانی خۆیانن نەوەک پارێزگای هەولێر."
لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 366 هەزار دەنگدەر هەن، بە گوتەی بەرپرسەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، یەک ملیۆن و 11 هەزار کەس بایۆمەترییان کردووە، 354 هەزار دەنگدەریش بایۆمەترییان نەکردووە.
مەروان محەممەد گوتی "پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بەردەوامە، تاوەکو سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەت لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەبیتەوە. رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رووی هونەری و دارایی وەستاون، بەڵام رێکارە هەمیشەکان لەوانە تۆمارکردنی بایۆمەتری و وەرگرتنی پەنجەمۆر بەردەوامن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ