ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: لە پێکنەهێنانی حکومەت زیانمان بەرکەوتووە و دەبێت دەسەڵاتەکانمان زیاد ببن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەشید
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی رایدەگەیێنێت، پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان زیانی بە حیزبەکەی گەیاندووە و دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانیان، دەبێت لە کابینەی داهاتوودا دەسەڵاتەکانی یەکێتی زیاتر ببن و "هاوبەشی راستەقینە" هەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دوایین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهائەدین کرد.
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ لێکنزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی، لەتیف نێروەیی گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو. لە سیاسەتدا کاتێک دوو لایەن دەگەنە بنبەست، گرنگە لایەنی سێیەم بێتە پێشەوە." ئاشکراشی کرد کە وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەستپێشخەرییە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رێنمایی داوەتە میدیاکانی حیزبەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و "میدیاکانیش پابەندی بڕیارەکە بوون."
 
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە وا دەردەکەوێت دەرگەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی داخرابن، بەڵام دیدارەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی لە رێوڕەسمی متمانەدان بە حکومەتی عێراق، نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ ماوە. گوتیشی، "ئەگەر ئیرادەی لێکنزیکبوونەوە هەبێت، پێویست بە لایەنی سێیەم ناکات."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، کێشەی ئەوان لەگەڵ پارتی لەسەر "شێوازی حوکمڕانی و دیدگای پێکهێنانی حکومەتە." هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر پارتی بە تەنیا و بە کۆکردنەوەی نیوەی ئەندامانی پەرلەمان بییەوێت پەرلەمان کارا بکاتەوە، "دۆخی هەرێمی کوردستان ئاڵۆزتر دەبێت." گوتیشی، "ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو زۆن هەیە، بۆیە ئاسان نییە لایەنێک بۆچوونی خۆی بە تەنیا بسەپێنێت."
 
لەتیف نێروەیی رەخنەی لە شێوازی بەشداریی یەکێتی لە حکومەت گرت و رایگەیاند: "بە وەزارەت نابیتە شەریک، بەڵکو دەبیتە بەشدار." پرسیاری ئەوەشی کرد، کاتێک پەیوەندییەکان و سەرۆکایەتییەکان لای لایەنێکی دیاریکراون، "بۆچی یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان لەلای یەکێتی نەبێت؟" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کورسییەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ پێکەوە نزیکن لە کورسییەکانی پارتی، بۆیە داوا دەکەن پۆستەکان بە دادپەروەرانە دابەش بکرێن.
 
"پێکنەهێنانی حکومەت زیانی لە یەکێتی داوە"
 
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی دەڵێن یەکێتی هۆکاری دواخستنی حکومەتە، نێروەیی گوتی: "دوای خەڵک، یەکێتی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە هەلومەرجەکە گۆڕاوە. پێشتر یەکێتی هێزی سێیەم بوو، دواتر بووە دووەم و ئێستاش کێبڕکێی یەکەم دەکات." گوتیشی "ئەگەر حکومەت پێکبهێنرێت، دەسەڵاتەکانی یەکێتی زیاتر دەبن، جیاکاری نێوان شارەکان نامێنێت و یەکێتی دەستکراوەتر دەبێت بۆ خزمەتکردن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە