مونا قەهوەچی: هاوپەیمانی یەکێتی و نەوەی بۆ پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت بوو

57 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
مونا قەهوەچی
مونا قەهوەچی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی چاکسازی و پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیێنێت، وەک پارتێکی هاوپەیمانیی پارتی، بە فەرمی داوای وەزارەتیان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و چاوەڕێی وەڵامن. هەروەها دەڵێت هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ بۆ "پەکخستنی" پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت بووە.
 
مونا قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی چاکسازی و پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات جەختی لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، پەککەوتنی پەرلەمان "کاریگەری خراپ لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروست دەکات."
 
مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی پارتەکەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان پەیوەست نییە بە داواکاریی هیچ لایەنێکی دیاریکراوەوە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ هەر دەستپێشخەرییەکین کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکرێت. ئەمە پەیوەندیی بە پارتییەوە نییە."
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی فراکسیۆنی چاکسازیی تورکمان، کە پارتەکەی هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانە ئاشکرای کرد کە داواکارییەکانیان پێشکەش کردووە. لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە بە فەرمی داوامان لە شاندی دانوستاندنکاری پارتی کردووە. بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن داوای وەزارەتمان کردووە، دەمانەوێت بەشدارییەکی کارا بین لە ئەنجوومەنی وەزیران."
 
مونا قەهوەچی رەخنەی لە هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ،گرت و پێیوایە ئەو هاوپەیمانییە بۆ پەکخستنی پرۆسەکە بووە. "لە روانگەی ئێمەوە، ئەو هاوپەیمانیەتییە لە پێناوی پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت بوو".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمانەوە کارەکانیان سنووردار بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "هەفتەی دوو سێ جار سەردانی پەرلەمان دەکەین و بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی خەڵک دەکەین لەڕێگەی پەیوەندییەکانمانەوە لەگەڵ وەزیرەکان."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە