ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو: ناچینە هیچ بەرەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی بەرەیەکی دیکە

55 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
عوسمان کاروانی لە نیوڕۆژی رووداو
عوسمان کاروانی لە نیوڕۆژی رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکدا پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی "دۆخی چەقبەستووی سیاسی" و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکێش کردووە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووش دەڵێت: "ئامادەین هەموو جۆرە قوربانییەک بدەین، بەڵام هاونیشتمانیان بە ئارامی بژین."
 
عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پڕۆژەکەیان لە سێ تەوەری سەرەکی پێکدێت، کە بریتین لە راگرتنی "هێرشی راگەیاندن"، کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، هەروەها یەکڕیزیی کورد لە بەغدا.
 
سەبارەت بە تەوەری یەکەمی پڕۆژەکەیان، عوسمان کاروانی گوتی: "داوامان لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی کردووە، کە ئەو هێرشەی راگەیاندن کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە رێگەی میدیا سێبەرەکانەوە دەیکەنە سەر یەکدی، رایبگرن." بە بڕوای ئەو، راگەیاندن دەتوانێت کەشێکی ئارام بۆ گفتوگۆ دروست بکات و سەرکردە سیاسییەکان لە یەکدی نزیک بکاتەوە، هەروەک چۆن دەتوانێت دووریشیان بخاتەوە.
 
تەوەری دووەمی دەستپێشخەرییەکە، کاراکردنەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانە. عوسمان کاروانی گوتی: "هەر کاتێک پەرلەمان و حکومەت لاواز بن، کارتی کورد بەرامبەر بە بەغدا و وڵاتانی هەرێمی لاواز دەبێت."
 
عوسمان کاروانی، ئاماژەی بەوەشکرد، یەکگرتوو لەگەڵ ئەوە نییە پەرلەمان تەنیا لەلایەن یەکێک لە حیزبەکانەوە کارا بکرێتەوە و گوتی: "پێشتر پارتی داوای کردووە و ئێمە لەگەڵی نەچووین، یەکێتیش داوای کردووە و لەگەڵی نەچووین، چونکە ئەمە زیاتر لەتکردنی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە و دۆخەکە نائارامتر دەکات."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو روونیکردەوە، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان "دوو زۆن و دوو هێزی چەکدار" هەیە، کاراکردنەوەی پەرلەمان بە لایەنێک "لە جیاتی ئارامی، نائارامیی زیاتر دروست دەکات." بۆیە پێداگرییان لەسەر ئەوەیە کە "پارتی و یەکێتی پێکەوە بگەنە تێگەیشتن و هەموومان پێکەوە پەرلەمان کارا بکەینەوە."
 
عوسمان کاروانی، رەتیکردەوە کە دەستپێشخەرییەکەیان بۆ بەشداریکردن بێت لە حکومەت و گوتی: "ئێمە بڕیارمان داوە لە هەرێمی کوردستان هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بین، بەڵام نامانەوێت هێزێکی تەماشاکار بین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە