گەنجێکی دهۆک ماڵپەڕێکی وەرگێڕان بە ژیریی دەستکرد بۆ 250 زمان رادەگەیێنێت

55 خولەک له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ لە پارێزگای دهۆک، ماڵپەڕێکی تایبەت بە وەرگێڕانی بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد پەرەپێداوە، کە توانای وەرگێڕانی بۆ 250 زمانی جیهانی هەیە؛ پڕۆژەکە گرنگییەکی تایبەتی بە شێوەزاری بادینی داوە.
 
بیرهات غەیاس، دەرچووی بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزییە لە زانکۆی زاخۆ، باسی لە پڕۆژە نوێیەکەی بۆ رادیۆی رووداو کرد و گوتی، "ماوەی دوو ساڵە بە تەنیا و بێ هیچ پاڵپشتییەکی دارایی یان مەعنەوی، کار لەسەر پەرەپێدانی ماڵپەڕێکی وەرگێڕان دەکەم بەناوی (Kurdeng)؛ لەسەر ئەرکی خۆم خەرجییەکانی 'هۆست و دۆمەین'ەکەم دابین کردووە."
 
سەبارەت بە لایەنی تەکنیکیی ماڵپەڕەکە، بیرهات ئاماژەی بەوە کرد، سیستمەکە پشت بە مۆدێلی ژیریی دەستکردی (Gemini 3.1 Pro) دەبەستێت؛ یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانی ئەم پڕۆژەیە، برەودانە بە شێوەزارەکانی زمانی کوردی، بەتایبەت شێوەزاری بادینی کە لە پلاتفۆرمە جیهانییەکاندا کەمتر بایەخی پێدراوە.
 
بیرهات دەڵێت، "چونکە سەرچاوەی دیجیتاڵی بە شێوەزاری بادینی کەمە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 8 بۆ 10 هەزار داتام لە فەرهەنگە جیاوازەکانەوە کۆکردووەتەوە و داخڵی سیستمەکەم کردوون، کە زۆربەیان وشەی بادینی و ئینگلیزین."
 
ئەم گەنجە دهۆکییە کە هاوکات کاری ڤیدیۆگرافی و فۆتۆگرافیش دەکات، روونیکردەوە، ئێستا ماڵپەڕەکەی بە خۆڕایی لەبەردەستی خوێندکاران و بەکارهێنەراندایە.
 
سەبارەت بە پلانەکانی داهاتووی، بیرهات غەیاس گوتی، "پلانمان هەیە پەرە بە پڕۆژەکە بدەین و بیکەینە ئەپڵیکەیشن بۆ سیستمی ئەندرۆید و iOS؛ بۆ ئەمەش پێویستمان بە لایەنێک هەیە هاوکارمان بێت یان لە رێگەی سپۆنسەر و ریکلامەوە بتوانین پڕۆژەکە فراوانتر بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە