لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان: وەزیر پێیگوتین کۆمپانیا نەوتییەکان ناکشێنەوە

19-06-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەیاندا وەزیری سامانە سرووشتییەکان رەتیکردووەتەوە هیچ کۆمپانیایەکی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کشابێتەوە و گوتوویەتی، ئەوان بەردەوامن لە کارەکانیان.
 
رۆژی یەکشەممە 19-06-2022 کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و شاندێکی وەزارەتەکەی لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەکان و پیشه‌سازى و بازرگانیی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە. عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خواستی رۆژانە لەسەر بەنزین لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 5 بۆ 6 ملیۆن لیتردایە؛ لیژنەکەمان بە وردی باسی کوالێتی و نرخ و پێداویستیی خەڵکی کرد بۆ بەنزین و پێداگریمان لەسەر کوالێتی و نرخی گونجاو کرد. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیارەکەی ئەوەیە کە بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشبکرێت؛ هەروەها هەوڵدەدرێت ئاستی بەرهەمی بەنزینی 800 دیناری رۆژانە بگاتە سێ ملیۆن لیتر."
 
هاوکات گولیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەبارەی بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە گوتی، کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن ناکشێنەوە. ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە."
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "ئەوەی گرنگ بوو لەبارەی بابەتی بەنزین، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتی دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە بەنزینی 690 و 800 دیناری نەمێنێت و هەمووی ببێتە یەک نرخ."
 
لەبارەی گازوایلەوە، عەلی حەمە ساڵح گوتی، "ئێستا جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، رۆن و ماددەی دیکەی تێکەڵ دەکرێت. بەکارهێنانی لەلایەن مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە زیانی زۆری بە تەندروستیی هاووڵاتییان گەیاندووە؛ بەڵگەی پێویستمان لەمبارەیەوە دایە وەزیر."
 
سەبارەت بە گاز LPG ، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بۆ غازی ماڵان و بازرگانی و ئەو غازەی بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردێت، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 1100 تۆن بەرهەم دەهێندرێت و بڕیارە ئەمساڵ 250 تۆنی دیکە بۆ ئەم بڕە زیادبکرێت، بەڵام لە لیژنەکەمان داوامانکرد کۆنترۆڵی نرخ بکرێت و تاوەکو خواستی ناوخۆ دابین نەکرێت، هیچ بڕێک نەبرێتە دەرەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، "کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان گوتوویەتی وەزارەت پلانێک ئامادە دەکات بۆ سوود بینین لە غاز پێش هەناردەکردنی بۆ دەرەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای یەکێتی و بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە هەولێر

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی میران بەکر دەداتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و میران بەکر، رۆژنامەڤان و سکرتێری پێشووی وەزیری پێشمەرگە، دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ رووداوەکەی شەوی رابردوو بڵاودەکەنەوە.