لە سۆران وەستا دەستناکەوێت

19-07-2020
بەختیار قادر
بەختیار قادر
وەستایەک و کرێکارێک لەکاتی کارکردندا
وەستایەک و کرێکارێک لەکاتی کارکردندا
نیشانەکردن وەستا کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - سۆران

ئەو رێکارانەی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا گیراونەتەبەر و داخرانی سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، هەم نرخی کاری بەرزکردووەتەوە و هەم ناهاوسەنگیی لەنێوان کار و کرێکاردا دروستکردووە؛ خاوەنی بینایەک دەڵێت، نزیکەی 30 رۆژ نۆرەی گرتووە تاوەکو وەستایەک کاشیی بیناکەی بۆ بکات. 
 
وەستایەکی کاشی بەناوی میرخان شوکری ئاماژە بەوە دەکات، ساڵانی رابردوو کار زۆر بوو بەڵام نرخەکەی هێندە هەرزان بوو بۆیان نەدەکرا کار بکەن و دەرینەدەهێنا، "چونکە وەستاکانی ئێرانی مەتری کاشییان بە هەزار و 500 دینار دەکرد، وەستای عێراقی کاری بۆ نەدەکرا لەبەر ئەوان، بەڵام ئێستا کە سنوورەکان داخراون مەتری کاشی چووەتە پێنج هەزار دینار و کاریش باشە".
 
هاونیشتمانی زۆر هەن کە کاری دروستکردنی خانوویان لە بناخەدایە و بە مانگ نۆرە بۆ وەستا دەگرن؛ هاونیشتمانییەک بەناوی ئەندام جەبار دەڵێت "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، دەبێت دوو مانگێک پێشتر نۆرە بۆ وەستا بگریت، چونکە وەستاکارانی ئێرانی نەماون و هی خۆشمان ژمارەیان کەمە، جگە لە خانووەکەی من مزگەوتی تەنیش ماڵەکەشم زیاتر لە مانگێکە لە بێ وەستاییدا پەکی کەوتووە".
 
ساڵی 2019 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری بیمەکردنی کرێکاری بیانی و بوونی کارتی نشینگە، کارکردنی لەبەردەم دەستی کاری بیانی سەختکرد، بەڵام بەو حاڵەشەوە بەر لە داخرانی سنوورەکان، تەنها لە سنووری سۆران، هەزار کرێکاری رۆژهەڵاتی کوردستان کاری رۆژانەیان دەکرد.
 
هەژار یونس، بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، دوو جۆر کرێکاری بیانی هەن، بەشێکیان کارتی نشینگەیان هەبووە و بەشێکیشیان بە فیزەی مانگانە هاتبوون، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار کرێکار دەبوو، ئەوانەی هەڵگری کارتی نشینگە بوون کەمیان گەڕاونەتەوە و ئەوانەشی فیزە بوون هەموویان چوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە