رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ''گرنگییەکی زۆری بە بابەتی کتێبخانەکەی عەزیزی گەردی، نووسەری کۆچکردوو دا." ئاماژە بەوەش دەکات، دوای کۆچی دوایی ئەو نووسەرە، نێچیرڤان بارزانی لیژنەیەکی راسپارد بۆئەوەی ''کتێبخانەکەی بکرێتە ماڵێکی رۆشنبیری و هەموو گەنج، ئەدیب و رۆشنبیران سوودمەند بن.''
زیرەک کەمال، راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 19ی ئابی 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەکانی نووسەر و رۆشنبیرانی کورد قسەی کرد.
زیرەک کەمال گوتی، ''نێچیرڤان بارزانی، ئەو کاتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بوو، ئێستاش کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەردەوام لە خەمی نووسەران، رۆشنبیران، بزاڤی رۆشنبیری و کولتووری گەلەکەمان بووە.''
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''نێچیرڤان بارزانی دەزانێ کە کۆڵەکەی پتەوی هەر گەلێک، نووسەر و رۆشنبیرانن؛ هەروەها بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکیش لە سایەی ئەوانەوەیە.''
زیرەک کەمال ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کاتەی شێرکۆ بێکەس، شاعیری کورد لە دەرەوەی وڵات کۆچی دوایی کرد، ''بە بڕیاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی تەرمەکەی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕێندرایەوە وڵات. هەروەها مامۆستا جەمال نەبەز، مێژوونووسی گەورەی کورد، هەر لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.''
زیرەک کەمال رایگەیاند، دوای کۆچی دوایی عەزیز گەردی، ژمارەیەک لە نووسەر، شاعیر و رۆشنبیرانی شارەکانی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا داوایان لێکرد ''ماڵی عەزیز گەردی بکرێتە ماڵێکی رۆشنبیری، کولتووری و ئەدەبی بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ زانیاری.''
زیرەک کەمال ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی لیژنەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە بابەتی کتێبخانەکەی عەزیزی گەردی پێکهێندرا، بۆئەوەی ''کتێبخانەکەی بپارێزرێت و بکرێتە ماڵێکی رۆشنبیری بۆ ئەوەی هەموو گەنجان، ئەدیبان و رۆشنبیران سوودمەند بن.''
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە خۆیشی یەکێک بووە لە ئەندامانی لیژنەکە، گوتی، ''ئێمە پەیوەندیمان بە بنەماڵەی مامۆستا عەزیز گەردییەوە کرد، بەڵام ئەوان تێڕوانین و بیرکردنەوەیەکی دیکەیان بۆ کتێبخانەکەی و ماڵەکەی مامۆستا عەزیز گەردی هەبوو''.
بە گوتەی زیرەک کەمال، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە گوتوویەتی، ''دۆخەکە لەبەرچاو دەگرین و با دوایین بڕیار لای خۆیان بێت. ئامادەین بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیی لە بنەماڵەکەیان بکەین.''
سەبارەت بە دوایین پرسی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی کتێبخانەکەی عەزیز گەردی، زیرەک کەمال گوتی، ''کەیسەکە چووە دادگە و رێز لە دادگە دەگرین. لە داهاتووشدا هەر شتێک بە ئێمە بکرێت بۆ ئەوەی ناو، شوناس و بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز گەردی بە زیندوویی بمێننەوە، ئێمە ئامادەین.''
مانگێک لەمەوبەر لە رێگەی رۆژنامەکانەوە، جاڕدانێک سەبارەت بە فرۆشتنی ئاشکرای کتێبخانەی د.عەزیز گەردی بڵاوکرایەوە. دادگەی بەرایی عەنکاوە رۆژی 17-08-2025 لە دانیشتنێکی کراوەدا بڕیاری لەسەر فرۆشتنی کتێبخانەکەی د.عەزیز گەردی دا.
بە بڕیاری دادگەی هەولێر، کتێبخانەکەی ئەو نووسەرە بە 136 ملیۆن دینار فرۆشرا. برایەکی دەڵێت، دژی فرۆشتنەکە بووە. نووسەرێکیش ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستاش کات ماوە و داواکارین سەرۆکی هەرێمی کوردستان کڕینەوەکە لە ئەستۆ بگرێت."
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، رۆژی 06ـی حوزەیرانی 2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
عەزیز گەردی کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبوو، لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
عەزیز گەردی هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ