رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی بەیئۆغلۆ ـی جەهەپە و 16 کەسی دیکە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "گەندەڵی" لە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
ئینان گونەی، سەرۆکی شارەوانیی بەیئۆغلۆ ـی جەهەپە و ئەو 16 کەسە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا دەستبەسەرکران، دوای ئەوەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوی تاوانکاری، گەندەڵی، بەرتیل، ساختەکاری و گەندەڵی لە تەندەرەکاندا" فەرمانی بۆ دەستبەسەرکردنی 44 کەس دەرکرد.
دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، دەستبەسەرکراوەکان رەوانەی دادگەی چاغڵایان کران.
لە کۆی ئەو 44 کەسە، 20 کەسیان بە داوای دەستگیرکردن و 24 کەسیشیان بە داوای ئازادکردن بە مەرجی دادی دادگایی کران.
دادگە بڕیاری دا 27 کەس بە مەرجی قەدەخەی چوونە دەرەوەی وڵات و چاودێریی دادوەری ئازاد بکرێن. بڕیاری دەستگیرکردنیش بۆ 17 کەس دەرکرا کە ئینان گونەی، سەرۆکی شارەوانی بەیئۆغلۆ یەکێک بوو لەوان.
گونەی لە دادگە گوتوویەتی: "من بە تووندی ئەندامێتی لە رێکخراوی تاوانکاری رەتدەکەمەوە. من لە تەمەنی 16 ساڵییەوە تەنیا ئەندامی یەک رێکخراوم، ئەویش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە کە بە شانازییەوە سیاسەتی تێدا دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ