رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی یەکەی 70ـی یەکەی پێشمەرگە رایگەیاند، هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی سنووری عەربەت، بە دوو درۆن کراوە و شوێنێکی کردووەتە ئامانج کە وانەی سەربازیی تێدا خوێندراوە.
رۆژی سێشەممە 19-09-2023، مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ـی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو کرد و لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی عەربەتەوە گوتی، "ئێستا چاوەڕێین کە ئەنجامدەری کردەکە ئاشکرا ببێت، ئەمە کارێکی نامەردانەیە، پێشمەرگە بۆ مەشق لەوێ بووە، ئەوانەی لەوێبوون ئەوانە بوون کە شەڕی داعشیان کردووە و لەگەڵ پێشمەرگە چەند ساڵە لە ئەرکدان".
مستەفا چاوڕەش گوتی، "ئەو درۆنە لە هەر شوێنێکەوە هاتبێت، کارێکی ترسنۆکانەیە، ئێمە دژی هیچ دراوسێیەک نین، ئەمە جاسووسییە و کاری نامەردانەیە کە خەڵکێک هەواڵیان دەداتێ".
بەرپرسی یەکەی 70 ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوە ساردمان ناکاتەوە لە خەبات، ئێمە سەداممان رووخاند، لەوەتی هەین خەبات دەکەین بۆ رزگاریی کوردستان، ئەو وڵاتانە یان هەرکەسێک کە ئەو کارە دەکات، ئەوە چاویان بەم ئەزموونە هەڵنایەت و دەیانەوێت وڵاتەکەمان تێکبدەن. ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و سەرۆکی ئەو وڵاتانە خۆیان لەوێن بۆ ئەوەی قسە لە دژی تیرۆر بکەن، بەڵام ئەوەتا تیرۆرمان دەکەن".
مستەفا چاوڕەش داوای یەکگرتن دەکات و دەڵێت، "داوا دەکەم هەموو کوردستان و هەموو لایەنەکان یەکگرتووبن، ئەوەی ئەو کارەی کردووە دژی ئەو سێ پێشمەرگە نییە، ئەمە بۆ تێکدانی دۆخەکەیە. پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد واز لە هەموو شتەکان بێنن و دابنیشن و واجبی سەرشانی خۆیان بە گفتوگۆ جێبەجێ بکەن. چونکە ئەمڕۆ لێرەیە، سبەی لە جێیەکی دیکەیە. چونکە هەر دوێنێ لە بنکەیەکی کەنەکە دراوە لە هەولێر و کادیرێکیان کوشتووە کە لەسەر مێزەکەی خۆی دانیشتووە." گوتیشی، "هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە و لە شوێنێک دراوە کە وانەی سەربازیی تێدا خوێندراوە".
کاژێر 04:05ـی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
هەروەها دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا ''سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. دەشڵێت، "ناهێڵین خوێنیان بەفیڕۆ بڕوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ