سەرۆککۆماری عێراق: بەرامبەر هێرشەکەی تورکیا بێدەنگ نابین

19-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، وەزارەتە ئەمنییەکانی عێراقیان بانگکردووە بۆ گوێگرتن لە راپۆرتێکی دوورودرێژ کە لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە ئامادەکراوە، باڵیۆزی تورکیاش لە عێراق بانگ دەکەن بۆ ئەوەی پەیامی ناڕەزایی بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بگەیێنێت. هەروەها دەڵێت: "لەبارەی هێرشەکانەوە پەیوەندیی چڕ دەکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی."
 
رۆژی سێشەممە 19-9-2023، سەرۆککۆماری عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بڵاوکردەوە کە بەپێی قسەی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە رێگەی درۆنەوە کراوە و درۆنەکەش لە تورکیاوە هاتووە. 
 
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "رۆژ لەدوای رۆژ هێرشە سەربازییە رێکخراوەکان لەسەر خاکی عێراق و بە دیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ پاساوێکی سەربازی یان ئەمنی بەردەوامە کە ئەو هێرشانە هاووڵاتییانی بێ تاوان و بارەگە سەربازی و ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج."
 
سەرۆککۆماری عێراق بە ناڕاستەوخۆ تورکیا بە بەرپرسیاریی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە پێشتر چەندین جار بۆ تورکیامان روونکردووەتەوە کە عێراق ئامادەیە لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دابنیشێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی تورکیا پێیوایە شوێنی دزەکردنی ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت زیان بە ئاسایشی بگەیێنن، بەڵام هیچ وەڵامدانەوەیەکی راستەقینەیان نەبووە."
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، کە هێزێکی دژەتیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون. 
 
دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری گشتیی هەرێمی کوردستان (CTG) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، "سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. 
 
دژەتیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات، کە هاوکار بوون لە رووداوەکە و دەڵێت، "ئەو تاوانە کە بە چاوساخیی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی نێوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسووسێک هاوکاربووبێت، رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هاتووە: "روودانی پێشێلکارییە ئەمنییەکان و هەندێک لە پڕۆسە سەربازییەکان لەنێوان وڵاتانی دراوسێ دەکرێت رووبدەن، بەڵام هێرشی سەربازیی بەردەوام کە جگە لە سەربازەکان، شار و هاووڵاتییان بکەنە ئامانج ئەوە بابەتێکە یاسای نێودەوڵەتی رەتیدەکاتەوە و دژ بە پڕنسیپەکانی دراوسێیەتی باشە."
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیێندراوەکەدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا دەکات و دەڵێت: "عێراق دەروازەکانی بۆ تورکیا کردووەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی گەورە بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو کارە بە درۆن رەتکراوەیە و عێراق بێدەنگ نابێت لەسەری." 
 
سەبارەت بە رێکارەکانیش لە دژی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەرەبەتەوە، سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت: "ئەمڕۆ دەستپێشخەرییمان کرد و وەزارەتە ئەمنییەکانی عێراقمان بانگهێشتکرد بۆ گوێگرتن لە راپۆرتێکی دوورودرێژ لێیان و پەیوەندیی چڕ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، جگە لە بانگکردنی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بۆ رادەستکردنی پەیامی ناڕەزایەتی کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکرێت."
 
هێرشەکە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێنا، هەریەک مەسرور بارزانی، عەممار حەکیم، قەیس خەزعەلی، هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەک سەرکردە و لایەنی دیکەی کوردستانی و عێراقی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستیەکان ئاشکرا بکرێن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.