لیژنەی رەوەندی کوردستان: ئەمساڵ 14 هەزار کەس بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە

19-10-2020
ئالان نازم
نیشانەکردن کۆچبەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی پرسی کۆچکردنی هاونیشتمانییان بووەتە رۆژەڤ، لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان راپۆرتێکی لەو بارەوە ئامادەکردووە کە تێیدا هاتووە، ئەمساڵ 14 هەزار کەس بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە و 27 کەسیش لە رێگەی قاچاخ گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن.
 
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە 20-10-2020 لیژنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و راپۆرتێکی تایبەت بە کۆچی هاونیشتمانیان بدەنە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
 
لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان لە کۆبوونەوەکەیان داوا دەکەن کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی کۆچکردنی هاونیشتمانیان رێکبخرێت.
 
رێبوار بابکەیی لەبارەی داواکارییەکانیان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەڵێت، داوا دەکەن لەبەرامبەر ئەو پرسەدا میوانداریی وەزیری وەرزش و لاوان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکرێت. 
 
لە راپۆرتەکەیاندا کە بڕیارە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن، هۆکارەکانی کۆچی هاونیشتمانیان و چەند راسپاردەیەکیان وەکو چارەسەری ئەو پرسە خستووەتەڕوو. هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان 9٪ـە، و بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە