رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی، کاردانەوەی بەرامبەر دەستەواژەی "دوژمن" پیشاندا کە لە رێپێوانەکەی ئامەد دژی پۆلیس بەکارهێندرا و بە هەوڵدان بۆ "تێکدان"ی پرۆسەی چارەسەری ناویبرد.
ئێوارەی رۆژی شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی لە ناوەندی شاری ئامەد رێپێوانێکیان بۆ ئازادیی ئۆجەلان کرد، پۆلیس دەستێوەردانی کرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزی دروستبوو.
رێپێوانەکە لە پردی عەلی پنارەوە دەستیپێکرد و ئامانجەکەی ئەوە بوو، پۆستەری ئۆجەلان لە بورجی بێنووسەن لە شارۆچکەی سوور لە ناوەندی شاری ئامەد هەڵبواسن، بەڵام پۆلیس رێگری لێکردن.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر رێگرییەکانی پۆلیس، هەندێک لێدوان لەلایەن گەنجانەوە درابوون. بە پۆلیسیان گوتبوو "دووژمن".
عومەر چەلیک ئەمڕۆ یەکشەممە 19 ـی تشرینی یەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، رێپێوانەکە و بەکارهێنانی دەستەواژەی "دوژمن" دژی پۆلیس "تێکدان" بووە.
چەلیک گوتی، "ئەوانەی بە بیرکردنەوەیەکی نەفرەتلێکراو و زمانێکی ژەهراوی، هێزە قارەمانەکانی پۆلیس و ئاسایشمان دەکەنە ئامانج و بە دوژمن ناویان دەبەن و پڕوپاگەندەی تیرۆر دەکەن، شەرمەزاریان دەکەین. هەوڵەکانیان بۆ تیرۆرکردنی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بێهوودەیە و لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی وەڵامیان دەدرێتەوە."
لە رێپێوانەکەی ئامەد کە بۆ ئازادیی ئۆجەلان رێکخرابوو، لەنێوان پۆلیس و گەنجاندا گرژی دروست بوو. دوای گرژییەکە، پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردن گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.
جگە لە دروشمی 'پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە'، بە بڵندگۆ گوترا، "هاوڕێیان، دەتوانن هەمووتان گوێ لێرە بگرن؟ با هەمووان بێدەنگ بن و گوێ لێرە بگرن. هەڤاڵان، دوژمن دەڵێت ئەگەر ناڕۆن، لێرە بیکەن. ئێمە دەچینە سەر ئەو شوورانە".
گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، "دەربڕینی بۆچوونی سیاسی و ژەهراویکردنی سیاسەت و دیموکراسی، یەک نین." گوتیشی "گوتار و کردەوەی دوژمنکارانە و سووکایەتیپێکردن کە ئاراستەی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتەکەمان و بەهاکانی گەلەکەمان دەکرێن، بۆچوونی سیاسی نین.
عومەر چەلیک پێوایە "ئەمانە هەوڵن بۆ ژەهراویکردنی سیاسەت و تیرۆرکردنی دیموکراسی." چەلیک راشیگەیاند، "دەستدرێژیی ئەوانە بۆ سەر ژیانی گەلەکەمان و گیانی برایەتیمان رەتدەکەینەوە کە بە تێکدانی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بانگەشە بۆ تیرۆر دەکەن".
گوتەبێژی ئاکپارتی جەختی لەوە کردەوە، "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە دیدێکی نیشتمانییەوە بەڕێوەدەبرێت و پشت بە بەهاکانی گەلەکەمان دەبەستێت. هەرگیز رێگە نادەین ئەمە بقۆزرێتەوە و بکرێتە پاڵپشتی ئەجێندای پەراوێزخراو."
عومەر چەلیک رایگەیاند، پرەنسیپی "یەک نیشتمان، یەک گەل، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا کە سەرۆککۆمارمان بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە، قیبلەنمای ئەمڕۆ و داهاتوومانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ