رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە یورگن لیندسترۆم، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق کرد. جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سوێد لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوێد، دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەم لە پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانی کەرتە جیاجیاکاندا.
هەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕوپڕ سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کرا. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە.
دۆخی گشتیی عێراق و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
دەقی راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە:
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز یورگن لیندسترۆم، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوێد لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.
هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سوێد، پیرۆزبايی سەرکەوتنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جیاجیاکاندا لە سەرۆکی حکومەت کرد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان و دۆخی گشتیی عێراق و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ