رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئیسلامئاوای پارێزگای کرماشان رێگە نادرێ پەیکەری هونەرمەندی ناسراوی کورد، عەلی نەزەر مەنوچێهری لە گۆڕەپانێکی ئەو شارە دابنرێ.
دوو ساڵە پەیکەرێکی هونەرمەندی ناسراوی هۆرەچڕ، عەلی نەزەر مەنوچێهری ناسراو بە نەزەر دەردمەند ئامادە کراوە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانێکی نێوشاری ئیسلامئاوا دابنرێ، بەڵام رێگری لە دانانی پەیکەرەکە دەکرێ. ئەو پەیکەرە بە بڕیاری ئەنجوومەنی شار و بە بودجەی شارەوانیی شارەکە ئامادە کراوە.
چالاکڤانانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی شاری ئیسلامائاوا دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان و پێشنوێژی حکومیی شارەکە رێگری لە دانانی پەیکەری ئەو هونەرمەندە دەکەن. کەناڵەکانی شاری ئیسلامئاواش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردەوە، چالاکڤانان و ژمارەیەک بەرپرسی ئیسلامئاوا چەندینجار سەردانی هێزە ئەمنییەکان و پێشنوێژی حکومیی شارەکەیان کردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندییان لەسەر دانانی پەیکەرەکە، بەڵام رەزامەندییان دەرنەبڕیوە.
بەپێی یاسای شارەوانییەکانی ئێران، شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەکان بەرپرسن لە بڕیاردان لە دانان و دانەنانی پەیکەر لە نێوشارەکان، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجوومەنی دابینکردنی شارەکان کە لە قایمقام، پێشنوێژی حکومی، فەرماندەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس، بەرپرسی ئیتلاعات و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە پێکدێ، بڕیار لەسەر دانانی پەیکەرەکان دەدەن.
عەلی نەزەر مەنوچێهری ساڵی 1920 لە گوندێکی پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و لە 24-01-1975 لە کاتێکدا وەکوکرێکار بۆ فەرمانگەی رێگەوبانی کرماشان کاری دەکرد، لە نزیک سنە بەهۆی وەرگەڕانی ئامێرێکی دروستکردنی رێگە گیانی لەدەستدا. ئەو هاونیشتمانییە بە یەکێک لە ناسراوترین هۆرەچڕەکان دادەنرێ و ناوبانگی زۆری هەیە و زۆر لە هونەرمەندان بەرهەمەکانی دەڵێنەوە.
ئەو هونەرمەندە بە ئەفسانەیەکی ئاوازی کوردی و بە تایبەت هۆرە دادەنرێ، هۆرەچڕێکی تایبەت بووە و جگە لە هۆرە، چەندین بەرهەم و ئاوازی فۆلکلۆری دیکەشی دوای خۆی جێهێشتوون و بەشێک لە بەرهەمەکانی لە رادیۆی کوردیی کرماشان تۆمارکراون.
شارام نازری، ئاوازخوێنی ناوداری کورد لەبارەی توانای هونەریی عەلی نەزەر مەنوچێهری پێشتر رایگەیاندووە، ئەو هونەرمەندە توانایەکی بێ وێنەی لە ئاوازخوێنیدا هەبوو و دەیتوانی بەشێوەی هاوکات دوو جۆر دەنگی جیاواز لە قوڕگی بهێنێتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ