رووداو دیجیتاڵ
بانکی یەکەمی عێراق (FIB) بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دەزگای روانگە، گەورەترین کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ رادەگەیێنێت.
بەرپرسێک لە بانکی یەکەمی عێراق (FIB) بە رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای روانگە، کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ رادەگەیێنن.
ئەو بەرپرسە گوتی: "ئەو کەسەی دەیەوێت بەشداریی لە کەمپەینەکە بکات، لە هەر شوێنێک بێت، لە رێگەی سکانکردنی QR لە ناو ئەپلیکەیشنی FIB دەتوانێت یارمەتیی زیانلێکەوتووان بدات."
بەرپرسەکەی بانکی یەکەمی عێراق (FIB) گوتیشی، دواتر دەزگای روانگە لە رێگەی کردنەوەی هەژماری FIB بۆ سەرجەم زیانلێکەوتووان پارەکە راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژمارەکانیان.

کەمپەینەکە بۆ ماوەی 72 کاژێرە و ئەمشەو کارا دەبێت. ئەو بەرپرسەی بانکەکە گوتی: "جگە لەو پارەیەی لە رێگەی ئەو کەمپەینەوە کۆدەکرێتەوە، خۆشمان وەکو بانکی یەکەمی عێراق هاوکارییەکی باشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ دەکەین."
رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، بەهۆی بارانی بەخوڕ لافاو لە دهۆک و زاخۆ دروستبوو، بەپێی ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، 11 کەس برینداربوون و 120 کەسیش لە لافاوەکە رزگار کران. بەپێی ئامارەکە، 160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ