مەسرور بارزانی: دۆست و هاوپەیمانی جێگەی متمانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانین

20-05-2025
A+ A-

رووداو- هەولێر 

مەسرور بارزانی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆست و هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمریکایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجیانە پاڵپشتیی ئەمریکا بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر. 
 
رۆژی سێشەممە، 20-5-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن دی سی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی قسەی بۆ میدیاکان کرد کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئامادە بوو. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سوپاسی سەرۆک ترەمپ، حکومەتی ئەمریکا، ئەم ئیدارەیە و خەڵکی ئەمریکاش دەکەین بۆ پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ خەڵکی ئێمە، بۆ پێشمەرگەکانمان کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دژی تیرۆریزم شەڕیان کردووە". 
 
مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە دۆست و هاوپەیمانین، هاوپەیمانی جێگەی متمانەین. پێشبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەردەوام بێت بۆ مەبەستە هاوبەشەکان. ئێمە لە چەندین بەهادا هاوبەشین". 

 

 

دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی و ئەبراهام حەمادە"
 
مەسرور بارزانی: سوپاسی سەرۆک ترەمپ، حکومەتی ئەمریکا، ئەم ئیدارەیە و خەڵکی ئەمریکاش دەکەین بۆ پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ خەڵکی ئێمە، بۆ پێشمەرگەکانمان کە شانبەشانی ئەمریکییەکان دژی تیرۆریزم شەڕیان کردووە. ئێمە دۆست و هاوپەیمانین، هاوپەیمانی جێگەی متمانەین. پێشبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکەمان بەهێزتر و بەردەوام بی بۆ مەبەستە هاوبەشەکان. ئێمە لە چەندین بەهادا هاوبەشین. ئێمە باوەڕمان بە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ بۆ ئاشتی، سەقامگیری و پێشکەوتنی ئابووری هەیە. ئێمە لێرەین بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئەوەی ئەو کارە لە هەرێمەکەماندا بکەین کە باوەڕمان وایە ئێستا کاتی ئەوەیە لە هەرێمێکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر بەشداربن.  
 
ئەبراهام حەمادە: گفتوگۆیەکی زۆر باش بوو. جەنابی سەرۆکوەزیران، سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە. جێگەی شانازییە کە یەکێکم لە ئەندامانی کورد کە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا هەڵبژێردراوم. دەزانین کە کۆمەڵگەی کوردی هەیە. کوردەکان لەگەڵ سوپای ئەمریکا بوون و شەڕی داعشیان کرد. ئێمە هیچ کات ئەوە لەبیرناکەین کە ئەوان کردیان. جێگەی نیگەرانییە کە ئەوەی زۆرجار دەیبینین بریتییە لەوەی عێراق زیاتر لە ئێران نزیک دەبێتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەبێت ئێمە کاریگەری ئێران لە ناوچەکەدا بوەستێنین. ئێمە دەزانین کە ئێران دەیەوێت تەواوی ناوچەکە ناسەقامگیر بکات، هەروەک چۆن لە لوبنان و سووریا کردی. ئێمە ناتوانین رێگە بدەین لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی وەک کوردستان ئەوە رووبدات. دەبێت دڵنیا بین کە کوردستان ئامرازی پێویستی لەبەردەستدایە و سیاسەتی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی پێشکەوتن بەدەستبێنێت. ئەوان خۆیان کاری زۆر باشیان کردووە، بەڵام ئاستەنگی زۆریشیان لەپێشە. ئەوان پاڵپشتی من و زۆر ئەندامی کۆنگرێسیان هەیە. 
 

رووداو: بەڕێز ئەندامی کۆنگرێس، یەک پرسیار، چی دەڵێی لەبارەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکرا؟
 
ئەبراهام حەمادە: ئەمڕۆ ئاگاداری ئەوە بووین، پێش کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران. وا دیارە کە پێشکەوتنی باشی ئابووری روودەکاتە کوردستان؛ هەربۆیە دەبێت رێگە بدەین ئەوە رووبدات. شتێکی زۆر خراپە کە ژمارەیەک لە هێزە خراپەکان هەوڵ دەدەن رێگری بکەن لەوەی خۆشگوزەرانی رووبکاتە ئەو هەرێمە بۆ ئەو خەڵکە، کە ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندی بە بیزنیزی ئەمریکییەوە هەیە.
 
رووداو: کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چۆن بوو؟ ئەمە یەکەم جارە لەگەڵی کۆدەبیتەوە و باسی چیتان کرد؟
 
 
ئەبراهام حەمادە: ئەمە یەکەم جارمە لەگەڵی کۆدەبمەوە. ئەو شتانەی باسکران تاڕادەیەک تایبەتن، بەڵام وەک دەزانن، دەبێت دڵنیابینەوە کە کوردستان سەرچاوە و ئامرازەکانی هەن. دەمەوێت بڵێم کە ئەوان خۆیان کاری زۆر باش دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەی هەندێک جار روودەدات، زانیاریی زۆرم پێگەیشتووە کە هەندێک لایەنی دیکە لە ناوچەکە هەوڵ دەدەن گەشەکردنی [کوردستان] بوەستێنن. بینینی ئەو وەبەرهێنانە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێشهاتێکی ئەرێنییە. هەروەها کوردستان دەزانێت کە چۆن پارێزگاری لە کۆمەڵگەی کەمینەکان بکات، ئەوان دانیشتووانی خۆیان دەپارێزن و ماوەیەکی زۆریش بوونەتە چرای هیوا و سەقامگیری. کەواتە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لە سەرکەوتنەکەیان بەردەوام دەبن.
 
رووداو: ئەو پرسیارەم کرد و دووبارە دەیکەمەوە، بۆچی زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانیی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت و ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای ئەمریکی کە لە بواری وزەدا کار دەکەن، بچنە عێراق؟
 
ئەبراهەم حەمادە: ئەوان بڕێکی زۆر نەوت و گازیان هەیە، بەڵام شتێکی دیکە ئەوەیە، ئێمە دەزانین کە ئەوان هاوبەشی متمانەپێکراون، ئەوان شانبەشانی سوپای ئەمریکا لە دژی داعش شەڕیان کرد. پێشتر لە سوپای ئەمریکادا بووم و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارم کردووە، بەڵام زۆرێک لە هاوڕێکانم کە خزمەتیان کردووە شانبەشانی کوردەکان خزمەتیان کردووە. دەزانین کە دەتوانین لە کاتی پێویستیدا پشت بە کەسانێکی وەها ببەستین، بەتایبەتی کاتێک دەرکەوتنی داعشمان بینی، هیچ کەسێک نەیدەویست رووبەڕوویان ببێتەوە، کەچی پێشمەرگەی کورد، کارێکی زۆر کاریگەری لە بنبڕکردنی تیرۆر کرد. هەرچییەک کە دەتوانین بیکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆمەڵگەکەیان لەڕووی ئابوورییەوە گەشە دەکات، گرنگە. دەبێت دڵنیابینەوە کە ناوچەکە پارێزراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە