گوتەبێژی هەسەدە: شەهیدەکانمان کورد و مەسیحی بوون

20-06-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانەکەی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەهیدەکانمان کورد و مەسیحی بوون و بە هاوئاهەنگیی پێکەوە دەژیان".
 
رۆژی سێشەممە، 20-06-2023، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، "‎ئەمڕۆ تیرۆریزمی تورکیا دیسانەوە سێ ئاشتیخوازی دڵسۆزی لە باکووری سووریا کردە ئامانج، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلو، جێگرەکەی و شۆفێرەکەی".
 
فەرهاد شامی دەڵێت، "تیرۆری تورکیا هیچ بایەخ بە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان نادات، بەو پێیەی شەهیدەکان کورد و مەسیحی بوێر بوون کە بە هاوئاهەنگی پێکەوە دەژیان و بە ئیرادەوە بەرەنگاری تیرۆر دەبوونەوە. شەهیدان بە رەحمەت بن، نەفرەت لە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە چەوتە، خەباتمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە هەموو خواستەکانی شەهیدانمان".
 
ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەکی تایبەت بە رووداوی راگەیاند، تورکیا لە قامشلۆ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ لە ئەنجامدا یوسرا دەورێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامشلۆ و جێگر و شۆفێرەکەی گیانیان لەدەستداوە. 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە، لە گوندێکی سەر بە تربەسپیێ ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کردووەتە ئامانج. ئۆتۆمبێلەکە لە رێگەی نێوان گوندەکانی تل شەعیر و بەیاندۆرێی سەر بە تربەسپی بۆردوومان کراوە.
 
محەممەد زەینەدین عیسا، خەڵکی گوندی بایاندۆرێ کە شایەتحاڵی هێرشەکە بووە، بە رووداوی گوت، "فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە جۆری کەیا لەسەر رێگەی گوندەکانی تل شەعیر و بەیاندۆرێ بەئامانج کرد."
 
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە 27 ساڵانە، "درۆنەکە سێ مووشەکی ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە. یەکەمیان بەر زەوییەکی کشتوکاڵی کەوتووە، دووەمیان بەر شوێنێکی نزیکی ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە و سێیەمیان بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە."
 
10 رۆژ لەمەوبەریش، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە رایگەیاندبوو، لە هێرشێکی تورکیادا لە حەلەب سێ شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش برینداربوون. هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم دواییانەدا زیادیان کردووە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر، هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییە لایەنگرەکانی هێرشیان کردە سەر منبج و شەهبا. بە گوێرەی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە، لەو هێرشانەدا شەش شەڕڤانیان گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەشیان بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلی ناوچەکەش کوژراون و برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە