رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کار و چالاکییەکانی نوێنەرانی حکومەتی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد هەڵپەسارد و هۆکارەکەش بۆ بێڕێزیکردن بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز دەگەڕێنێتەوە کە ئەمرۆ لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لەو وڵاتە بەناوی سەلوان مۆمیکاوە کرا، هاوکات فەرمانگەکە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکات.
شەوی پێنجشەممە، 20-7-2023، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سوێد هەڵپەساردنی کارەکانی نوێنەرایەتیی لەو وڵاتە راگەیاند، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەتوندی سەرکۆنەی ئەو بێڕێزییە دەکات کە بۆ دووەم جارە بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوێد دەکرێت، هاوکات پەلاماردانی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا سەرکۆنەدەکات کە ئەمەشیان دژی نەریت و یاسا نێودەوڵەتیەکان و رێکەوتننامەی ساڵی 1961ـی ڤیەننایە."
روونیشیدەکاتەوە، "دوای رێکارەکانی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش هەڵپەساردنی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەت لە ستۆکهۆڵم رادەگەێنێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم هەوڵی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی دا، دوای سووکایەتیکردن بە بەشێک لەوانە، نەیسووتاندن و بەردەم باڵیۆزخانەی جێهێشت.
بەهۆی ئەو رووداوەوە عێراق بڕیاریدا هەڵسوڕێنەری خۆی لە سوێد بکشێنێتەوە و داوای لە باڵیۆزی سوێد لە بەغدا کرد عێراق بەجێبهێڵیت، ئەوەش واتە بچڕانی پەیوەندییەکان.
هاوکات، بەرەبەیانی ئەمرۆ پێش ئەوەی سەلوان مۆمیکا سووکایەتی بە قورئان بکات لایەنگرانی رەوتی سەدری چوونە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و سووتاندیان، ئەوەش نیگەرانی سوێد و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ