هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی: پارێزگاری داهاتووی کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب دەبێت

20-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک داوا لە عەرەبەکانی پارێزگاکە دەکات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەنگ بە دوو هاوپەیمانێتی بدەن، کە یەکێکیان بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانانی عێراق و ئەوی دیکەیان بە سەرۆکایەتیی راکان جبوورییە. دەشڵێت "پۆستی پارێزگاری داهاتووی کەرکووک لە پێکهاتەی عەرەب دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 د. نازم شممەری، هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک لەبارەی بڕیاری دەستەکەیانەوە تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18-12-2023 بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی دەستەکەمان بڕیارمان دا لەپێناو یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبەکانی پارێزگای کەرکووک لایەنگران و جەماوەری عەرەبی کەرکووک دەنگ بە هەردوو هاوپەیمانیی سەرەوەری کە هاوپەیمانێتیی قیادەی پێکهێناوە لەگەڵ هاوپەیمانیی عەرەبی بدەن."
 
د. نازم شممەری گوتیشی، "ئومێدمان دەکرد عەرەبەکانی کەرکووک بە یەک هاوپەیمانێتییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە و ئێستا چوار هاوپەیمانی هەن، ئەوانیش هاوپەیمانێتییەکانی قیادە بە سەرۆکایەتیی د. محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، لەگەڵ هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری، هاوپەیمانی چوارچێوەی نیشتمانی، هاوپەیمانی عرووبە، کە ئەمەی دوایی سەر بە هاوپەیمانیی عەزمە."
 
هاوئاهەنگیکاری دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک لە قسەکانیدا باسی لە پۆستی داهاتووی پارێزگاری کەرکووکی کرد و گوتی، "پۆستی داهاتووی کەرکووک بە رێککەوتن بۆ عەرەب دەبێت، ئێمە بەلایەنی کەمەوە پێشبینیی بەدەستهێنانی پێنج بۆ شەش کورسی دەکەین، بەوەش لەگەڵ بەرەی تورکمانی و رەنگە لایەنێکی کوردییش هاوپەیمانی بکەین، بەو پێیە پۆستی پارێزگاری داهاتوو بۆ عەرەب دەبێت."
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کەرکووک 16 کورسیی بۆ تەرخانکراوە، کە یەکێکیان بۆ کۆتای کریستیانە. کورد بە سێ هاوپەیمانێتی و چەند بەربژێرێکەوە بەشداری دەکەن، هاوپەیمانێتیی پارتی و حیزبی ئیسلامی و ژمارەیەک لایەنی دیکە، هاوپەیمانیی یەکێتی و حیزبی شیوعی، هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ژمارەیەک لایەن کە بڕیاریانداوە بە بەربژێری خۆیانەوە بەشداری بکەن.
 
بڕیارە لە 18ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک لە ساڵى 2005 کرا و دواتر تەمەنى ئەنجوومەنەکە درێژ کرایەوە. لە ساڵانى 2009 و 2013ـەش هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، بەڵام لە ساڵى 2019  کاری ئەنجوومەنەکان بە بڕیارى پەرلەمان سڕ کران.
 
لە هەڵبژاردنى ساڵى 2005ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، لە کۆى 41 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکی بوون، 26 کورسیی بەدەستهێنا و بەهۆیەوە پۆستى پارێزگارى پێدرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە