رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی شارەکە دەکات و سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکات. پەرلەمانتارێکی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، یەکێک لە کارەکانی کارنامەی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ی سەر ئاستی پارێزگای کەرکووک دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 20-8-2023، ئەحمەد رەفیق، لێپرسراوی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری کەرکووک دەکرێت و کاک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات کە بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بکرێت، هۆکاری سەردانەکەی کاک بافڵ تاڵەبانی بۆ کەرکووک بۆ ئەو مەبەستەیە، چونکە پێشتر بڕیاردرابوو کۆبوونەوەی داهاتووی مەکتەبی سیاسیی لە کەرکووک بکرێت."
د. گەیلان قادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە بەیانیی ئەمڕۆ کاک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی سەردانی کەرکووک بکات و هێشتا روون نییە دوای ئەوە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی چۆن دەبێت."
رۆژی هەینی، 11ـی ئابی 2023، پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو ناوانەی لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە وەرمانگرتووە، لە یەکەمەکانی پارێزگای کەرکووکدا دوو قوتابیی کورد هەن".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی یاوەریی سەرۆکی یەکێتی بۆ کەرکووک دەکەن و بڕیارە دوای رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کەرکووک و یەکێتی لەو شارە بکات، ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێنەری کەرکووکیش ئامادەی رێوڕەسم و کۆبوونەوەکان دەبن.
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ناوی یەکەم تاوەکو سێیەمەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بەمشێوەیەی خوارەوە خستەڕوو:
یەکەمەکان زانستی- زیندەیی
1- سامان محەممەد رەزا، لە ئامادەیی رۆشنبیری بە کۆنمرەی (696)
2- سانا محەممەد ئەحمەد، لە ئامادەیی هۆزانی کچان بە کۆنمرەی(696)
3- فاتمە دڵشاد فەهاد، لە ئامادەیی سۆلاڤ بە کۆنمرەی (695)
4- بەناز قانع حوسێن، لە ئامادەیی شنە بە کۆنمرەی (694)
یەکەمەکان زانستی - پراکتیکی
1- ئالان کاوێز ئەحمەد، لە ئامادەیی قازی محەممەد بە کۆنمرەی (676)
2- شوان حوسێن شوکر، لە ئامادەیی کوردستان بە کۆنمرەی (649)
3- مەحموود ئەحمەد جەلیل، لە ئامادەیی کوردستان بە کۆنمرەی (609)
یەکەمەکانی وێژەیی
1- ئیڤان دڵگەش تەیفوور، لە ئامادەیی هەورامان بە کۆنمرەی (670)
2- سۆزیار سەردار، محەممەد لە ئامادەیی ژاڵە بە کۆنمرەی (666)
3- شازادە یوسف عەبدوڵڵا، لە ئامادەیی میناخان بە کۆنمرەی (667)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ