چەكەكانی كۆبانێ لە دهۆك و سلێمانی و هەولێر كۆكراونەتەوە

20-10-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن كۆبانێ
A+ A-

رووداو – سلێمانی

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون ، ئەو چەك و تەقەمەنیانەی لە رێگەی فڕۆكەكانی ئەمریكاوە رەوانەی كۆبانێ كراون ، لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆری هەولێر و دهۆك و دژە تیرۆری سلێمانی كۆكراونەتەوەو لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە نێردراون .

دوای گەیاندنی چەك و تەقەمەنییەكان و هەندێ پێداویستی پزیشكیی بۆ كۆبانێ ، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی یەكتریاندایەوە لەسەر چۆنیەتی ناردنی ئەو چەكانە و چەكەكان لەلایەن كام لایەنەوە كۆكراونەتەوە.

دژە تیرۆر ، هێزێكە لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان هەیە ، لە سلێمانی لەژێر فەرماندەیی لاهور شێخ جەنگیدایە و، لە هەولێر و دهۆكیش هەمان هێز هەیە بەڵام سەر بە ئاسایشە لەو دوو پارێزگایەدا .

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتن ، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای گفتوگۆیەكی زۆر بە داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رازیبوو ، بۆ ناردنی چەك لە رێگەی توركیاوە بۆ كۆبانێ ، دەستكرا بەكۆكردنەوەی چەك لەلایەن دژە تیرۆری سلێمانی و دژە تیرۆری هەولێر و دهۆك ، هەموویان لە فڕۆكەخانەی هەولێر كۆكرانەوەو نێردران بۆ كۆبانێ .

بەپێی ئەو سەرچاوە ئاگادارەی رووداو ، ئەو پرۆسەیەی چەك كۆكردنەوە ناردنەش ، بە فەرمان و سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشداری مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و شێخ جەعفەر یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگە بەڕێوەچووەو ئەنجامدراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە