رووداو - دهۆك
حەوت كەس لە سەنتەری شاری دهۆك، رەگەزی زەوییەك كە بۆ پرۆژەیەكی ئەكادیمی تەرخانكرابوو، دەگۆڕن بۆ زەویی سەوزایی. بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری دهۆك و سەندیكای هونەرمەندانیش دەڵێن دەستبەرداری پارچە زەوییەكە نابن.
بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی دەست (رووداو) كەوتوون، ساڵی 2006 بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارچە زەویی ژمارە (16/239) لە كەرتی 72 دهۆك/رۆژئاوا لە سەنتەری شاری دهۆك كە رووبەرەكەی 2 دۆنم و 1793 مەتر دووجایە، خراوەتە سەر ناوی میوزیكژەنی ناسراوی كورد د.دڵشاد محەممەد سەعید بۆ ئەوەی ئەكادیمیایەكی میوزیكی لەسەر دروست بكات.
بەڵام ساڵی رابردوو حەوت كەس لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای دهۆك كە ماڵیان لە نزیك ئەو پارچە زەوییەیە، رەگەزی زەوییەكەیان بۆ سەوزایی گۆڕیوە. ئەویش دوای ئەوەی نووسراوێكیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە. ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە نووسراوی ژمارە (131) لە رۆژی 15\5\2018 داوای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە رەگەزی زەوییەكە بۆ سەوزایی بگۆڕن. شارەوانیی دهۆك داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری دهۆك كردووە دەستبەرداری ئەو پارچەی زەوی ببن، بەڵام ئەوان دەڵێن ئامادەنین دەستبەرداری ببین.
ئەیوب رەمەزان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "گۆڕینی رەگەزی ئەو پارچە زەوییە لە موڵكی گشتییەوە بۆ سەوزایی كە تەنیا نزیكەی 10 كەس لێی سوودمەند دەبن، شتێكی نایاساییە، بەڵام چەند كەسێك زۆر شارەزایانە و بە یاسایی كردوویانە، ساڵی 2006 ئەو كاتەی ئەو پارچە زەوییە درایە ئەكادیمیای موزیك، هیچ ماڵێك لەو گەڕەكە نەبوو".
ئەیوب رەمەزان دەڵێ ئەوان نایانەوێ دەستبەرداری ئەو پارچە زەوییە ببن كە بە ناوی د.دڵشاد محەممەد سەعیدە و پێیوایە سەرۆكی پێشووی حكومەت ئاگاداری وردەكاریی بابەتەكە نەبووە، بۆیە رەزامەندی لەسەرداوە. داواش لە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئێستای حكومەت دەكات ئەو بڕیارە
رابگرێ.
گرێ سوور گەڕەكێكی نوێی شاری دهۆكە، زۆربەی ئەوانەی لەوێ نیشتەجێن بەرپرسانی باڵای حكومی و فەرماندەی سەربازین، بۆیە لایەنی ناڕازی پێیوایە ئەوە كاریگەری هەبووە لەسەر گۆڕینی رەگەزی زەوییەكە.
سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانیش لەلایەن خۆیانەوە دەستیان بە لۆبیكردن كردووە بۆ ئەوەی ئەو پارچە زەوییە بۆ ئەكادیمیای میوزیك بگەڕێننەوە.
ئەڤین حوسێن، سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی دهۆك بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە یاداشتێكمان ئامادە كردووە، هەموو بەڵگەكانمان لەبارەی پارچە زەوییەكە كۆكردووەتەوە، لە یاداشتەكە داوامان لە سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری دهۆك و سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك كردووە كە ئێمە پشتگیری لە بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر و هونەرمەند دڵشاد محەمەد سەعید دەكەین و دەبێت ئەو پارچە زەوییە هەر بۆ ئەكادیمیای میوزیك بگەڕێتەوە".
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی بۆ هاتووە، داوای گۆڕینی رەگەزی زەوییەكە كراوە، ئێمەش داواكارییەكەمان جێبەجێ كردووە، لە جیاتی ئەوە داوا لە سەرۆكایەتی زانكۆ كرابوو پارچە زەوییەك بۆ ئەكادیمیای میوزیك تەرخان بكەن، ئەوانیش رەزامەندییان نیشانداوە".
بەڵام د.دڵشاد لەگەڵ ئەوەی گۆڕینی رەگەزی زەوییەكە بە نایاسایی دەزانێ، لە هەمان كاتدا دەڵێت: "پێدانی پارچە زەوییەك لە جیاتی ئەوەی پێشوو تەنیا قسەیە و تا ئێستا یەك مەتر زەویم بۆ دابین نەكراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ