رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران لەگەڵ عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دا سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد داوای دوایین گۆڕانکاریی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانیی ئامەد لەگەڵ هەولێر و سلێمانی کرد.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەسەر پلانی بودجەی 2026ی وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، وەزیر و پەرلەمانتاران گفتوگۆیان لەسەر چەندین تەوەر کرد.
تانریکوڵو باسی سێ پرۆژەی تایبەت بە ئامەدی بۆ وەزیری گواستنەوە و ژێرخان کرد و رەخنەی لە دواکەوتن و ناڕوونیی پرۆژەکان گرت.
هەروەها داوای وەڵامی روونی سەبارەت بە شەمەندەفەری خێرا، شەقامی بازنەیی و گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی ئامەد بۆ هەولێر و سلێمانی کرد و جەختیکردەوە کە ئامەدییەکان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە دەکەن.
سەزگین تانریکوڵو لە نێو کۆبوونەوەکەدا رووی دەمی لە وەزیری گواستنەوەی و ژێرخانی تورکیا و گوتی: "پرۆژەی بەستنەوەی دیاربەکر بە هێڵی شەمەندەفەری خێرا و پرۆژەی رێگەی چەماوەیی باشووری رۆژئاوای دیاربەکر لە چ قۆناخێکە؟ جگە لەوەش گەشتی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دەبێت لە دیاربەکر دەستپێبکات. بەتایبەتی لەگەڵ هەولێر و سلێمانی. ئەمانە پێشتر هەبوون، بەڵام هەڵوەشێنرانەوە. ئایا لەم قۆناخەدا بیر لە دەستپیکردنی دەکەنەوە؟".
پێشتر گەشتی ئاسمانیی نێوان ئامەد - هەولێر و ئامەد - سلێمانی بە پاساوی جیا جیا هەڵدەوەشێنرانەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هاونیشتمانیانی ئامەد بوونی ئەو گەشتانە بە پێویست و گرنگ دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ