رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کورد لە کەرکووک 7 کورسی بەدەستهێنا لە کۆی 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان. بەگوێرەی شیکارییەکانی رووداو بۆ ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن، ئەگەر کورد پێکەوەش بوونایە، هەر ئەو 7 کورسییەیان بەدەست دەهێنا.
ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی کورد وەک ئێستا هەموویان پێکەوە 217 هەزار و 815 دەنگ بووایە، هەمان ئەنجام دەبوو، کە 7 کورسییە. تەنیا هۆکارێک بۆ زیادبوونی دەنگ و کورسییەکانی کورد ئەوەیە ئەگەر یەک هاوپەیمانی بووایە، ئەگەری زۆر هەبوو ژمارەیەکی زیاتر لە دەنگدەرانی کورد بەشدارییان بکردایە و ئەو کاتە کورد دەیتوانی دەنگی زۆرتری هەبێت و کورسیی هەشتەم یان هەشتەم و نۆیەم بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی سیستمی سانتلیگۆ، کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 35 هەزار و 617 دەنگی بێسوودی هەبووە، "بێسوود" بە واتای ئەوەی دەنگەکەی هێناوە، بەڵام نەیتوانیوە سوودی لێوەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی کورسی، ئەوەش بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوەیە.
سیستمی سانتلیگۆ بەشێوەیەکە چۆن بۆ پارتە بچووکەکان باش نییە، بەو شێویەش بۆ پارتە گەورەکان هەموو کاتێک قازانج نییە، لەم خشتەی خوارەوە دابەشکردنی کورسییەکان بە گوێرەی سیستمی سانتیلیگۆ روونکراوەتەوە.
بەهای یەکەم کورسیی یەکێتی 81 هەزار و 984 دەنگە، بەڵام بەهای یەکەم کورسیی هاوپەیمانیی قیادە 34 هەزار و 958 دەنگە. هەروەها نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بە گوێرەی سیستمەکە بۆ بەدەستهێنانی کورسیی یەکەم تەنیا 14 هەزار و 482 دەنگی بۆ رۆشتووە، بەڵام کورسیی یەکەمی نەوەی نوێ پێویستی بە نزیکەی 15 هەزار و 500 دەنگ هەبووە.
هەر بەهۆی سیستمی سانتلیگۆوە کورد لە کەرکووک 53 هەزار و 671 دەنگی بێسوود بووە. یەکێتی 12 هەزار و 670 دەنگی بێسوودی هەبووە، پارتی 9 هەزار و 349 دەنگ، نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ، کۆمەڵ و یەکگرتوو 6 هەزار و 655 دەنگ، سۆشیالیست 377 دەنگ.
بۆچی ئەگەر کورد یەک هاوپەیمانی هەبووایە هەمان ئەنجام دەبوو؟
بەگوێرەی سیستمی سانتلیگۆ، ئەگەر کورد هاوپەیمانییەکی بەناوی "هاوپەیمانیی کورد" یان هەر ناوێکی دیکە لە کەرکووک هەبووایە و لەم هەڵبژاردنە هەمان ئەنجامی ئێستا کە 217 هەزار و 815 دەنگە، بەدەستبهێنایە، هەر 7 کورسی دەبوو، چونکە سیستمی سانتلیگۆ بەشێوەیەکە هەر پارتێک تاوەکو دەنگی زیاتر بێت، بەهای کورسییەکانیشی زیاتر دەبێت.
کاتێک یەکێتی 139 هەزار و 373 کورسی بەدەستهێناوە، بەهای یەکەم کورسی 81 هەزار و 984 دەنگ بووە، ئەگەر هاوپەیمانییەکەش 217 هەزار و 815 دەنگی هەبووایە، بەهای یەکەم کورسی 128 هەزار و 126 دەنگ دەبوو، بەڵام بەهای حەوتەمین کورسی 16 هەزار و 755 دەنگ دەبوو. بۆ کورسیی هەشتەم، کورد تەنیا 14 هەزار و 521 دەنگی دەمایەوە لە کاتێکدا پێویستی بە 19 هەزار و 635 دەنگ هەبووە بۆئەوەی کورسیی سێیەم لە هاوپەیمانیی عەرەبی وەربگرێتەوە.
ئەگەر بەراودێک بکەین لە نێوان بەهای یەکەم کورسیی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی و ئەگەر هەموویان لە یەک هاوپەیمانێتی بوونایە، جیاوازیی نێوان کورسییەکان زۆر دەبوو وەک ئەوەی لەم دوو خشتەیەی سەرەوە روونکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ