رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرێکی گومرگی دەروازەی رازیی ورمێ هێرش دەکاتە سەر کاسبکارێکی کورد و بە سەختی برینداری دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، فەرمانبەرێکی گومرگ لە دەروازەی رازیی نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان بە چەقۆ هێرشی کردە سەر هاونیشتمانییەک بە ناوی سەلاحەدین یوسفی، سەر و چەند شوێنی دیکەی جەستەی بریندار کردووە.
ئەو هاونیشتمانییە خەڵکی گوندی رازییە لە ناوچەی کوتوولی سەر بە شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ.
رێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا دەڵێت، سەلاحەدین یوسفی چەند کیلۆیەک چای پێبووە، بۆیە هێرشی کراوەتە سەر.
فەرمانبەرێکی سەرژمێری ئێران کە ساڵی 2016 لە سەرژمێری دانیشتووانی گوندەکانی شاری خۆی بەشدار بووە دەڵێت، گەنجانی ناوچەی کوتوول بێکارن و هیچ کارێک نییە بیکەن، بۆیە زۆربەیان کۆچ دەکەن.
دەشڵێت، دوای کردنەوەی دەروازەی رازی، چاوەڕوان دەکرا هەلی کار بۆ گەنجانی بێکاری ئەو ناوچەیە بڕەخسێت، بەڵام خەڵکی شوێنەکانی دیکە هێنراونەتە دەروازەکە.
بە گوتەی ئەو فەرمانبەرەی سەرژمێریی ئێران، ئەو گەنجانە بەهۆی بێکاری جاروبار کەلوپەل لە نێوان دوو سنوور دەگوازنەوە تاوەکو قازانجێکی کەمیان دەست بکەوێت، بەڵام دامودەزگا حکومییەکان و هێزەکانی ئێران ئەوەندەشیان پێ رەوا نابینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ