سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: چاوەڕێین بەغدا بە فەرمی داوای 120 ملیار دینارەکە بکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، چاوەڕێن سبەی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی داوای 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی بکات و ئەوکات ئەوانیش راستەوخۆ پارەکە دەخەنە سەر هەژماریان.

رۆژی شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر سبەی بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتی بکرێت، "راستەوخۆ 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "ئەگەر سبەی دوای ئاگادارکردنەوەمان رێکارەکان تەواو بوون، ناردنی پارەکە دەکەوێتە هەمان رۆژ، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین."
 
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی: "بە ئەگەری زۆرەوە لەم یەک دوو رۆژە ئاگادار دەکرێینەوە و داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی عێراق و مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت و دواتر راستەوخۆ دابەش دەکرێت."
 
16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا.
 
29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە